له ئه‌نبار ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی بۆ راوه‌دوونانی چه‌كدارانی داعش ده‌ستیپێكرد

 له ئه‌نبار ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی بۆ راوه‌دوونانی چه‌كدارانی داعش ده‌ستیپێكرد
ده‌زگا ئه‌منییه‌كان هه‌وڵی كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌كانی پارێزگای ئه‌نبار ده‌ده‌ن و له‌مباره‌وه‌ ده‌ستیان به‌ ئۆپراسیۆنێكی سه‌ربازی كردووه‌ دژ به‌ رێكراوی تیرۆریستی داعش ئه‌ویش له‌ دوو لاوه‌ یه‌كه‌میان به‌ره‌یه‌ك له‌ ده‌وروبه‌ری شاری فه‌لوجه‌ و رێگه‌ گرتن له‌ تیرۆریستان بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانن را بكه‌ن وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك بۆ چوونه‌ ناو شاره‌كه‌ ، دووه‌میشیان جه‌نگی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌ گه‌ڵ تیرۆر له‌ ته‌واوی ناوچه‌كانی پارێزگای ئه‌نبار ، كه‌ تا ئێستا پاشماوه‌یان له‌و شاره‌ بوونی هه‌یه‌

دوێنێش له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی شاری رومادی شه‌رو پێكدادان له‌ نێوان سوپای عیچراقی و چه‌كدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش روویدا به‌تایبه‌تی له‌ ناوچه‌كانی مه‌شحه‌نیه‌ و زیراع دیجله‌و ئیبراهیم بن عه‌لی باكووری رۆژهه‌ڵاتی قه‌زای فه‌لوجه‌ و درێژ ده‌بێته‌وه‌ بۆ گه‌ره‌كه‌كانی حه‌وزو به‌كر و ئه‌فسه‌ران له‌ ناوه‌راست و باشووری شاری رومادی . له‌و چه‌ند رۆژه‌ی دواییدا به‌هۆی ئه‌م شه‌رو پێكدادانه‌ی نێوان هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و چه‌كدارانی داعش ته‌واوی په‌یوه‌ندییه‌كان پچڕاون . ده‌ره‌نجامی ئه‌و بارودۆخه‌ی پارێزگای ئه‌نبار بۆته‌ هۆی ئاواره‌ بوونی نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن كه‌س ، له‌مباره‌وه‌ سه‌باح گه‌رحوت سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار به‌هۆی ئاواره‌بوونی ئه‌م ژماره‌یه‌ی هاوولاتیان داوای له‌ حكومه‌تی ئیتیحادی كرد كه‌ بودجه‌یه‌ك ته‌رخان بكات بۆ هاوكاریكردنی ئه‌م ئاوارانه‌ له‌ناوشاری فه‌لوجه‌ش به‌پێی سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ چه‌كدارانی داعش ده‌ستیان به‌ سه‌ر خانوو و ماڵی زیاتر له‌ هه‌زارو پێنج سه‌د به‌رپرس و هاووڵاتیانی ئه‌م شاره‌ داگرتووه‌و بۆ حه‌وانه‌وه‌ی چه‌كداران ته‌رخانكراون .
Top