نوجێفی: گۆڕینی دیمۆگرافیای بەغدا مەترسیدارە و بە زیانی سوننەكانە
راشیگەیاند كە كەسانێك هەن كار لە سەر جیاكاریی نێوان هاووڵاتیانی عێراقی دەكات لە سەر بنەمای تایفەگەری و مەزهەبی .
ئوسامە نوجەیفی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە میانەی دیدارێكی لەگەڵ گەورەزانایانی ئایینی و وتارخوێنی مزگەوتەكان رایگەیاند كە، ئەنجوومەنی نوێنەران نوێنەرایەتیی ئیرادەی گەل دەكات و ئەو ئەنجوومەنەش شەرعیەتی داوەتە حكوومەت بەپێی چەندین بنەما، گرنگترینیان كاركردن و خزمەت گەیاندنە بە هاووڵاتیان بەبێ جیاوازی؛ كاتێكیش جیاوازی دەكرێت ئەم شەرعیەتە دەكەوێتە گومانەوە. ئێمە دەزانین كە نەخشەی بەغدا گۆڕاوە و چەندین ناوچە بە تەواوی كۆچبار بوون و دوای هێوربوونەوەی بارودۆخەكەش دانیشتووانی رەسەنی ئەم شوێنانە نەگەڕاونەتەوە، هەمووشیان لە پێكهاتەی سوننەمەزهەبن؛ ئەم كارە زۆر مەترسیدارە و پێویستە رووبەرووی بوەستین.
نوجێفی تەئكیدیشی كردەوە كە لەو قۆناغەدا عێراق دووچاری پیلانێك و هێرشێك دەبێتەوە كە جیاكاری دەخاتە نێو هاووڵاتیانی ئەم وڵاتە و پیلانێكی چەپەڵە بۆ لێدانی سوننەمەزهەب و دوورخستنەوەیان لە بەشداریكردن لە هەلبژاردنەكان.
