عەللاوی پڕۆژەی یاسای سەلامەتی نیشتمانی رەتدەكاتەوە

 عەللاوی پڕۆژەی یاسای سەلامەتی نیشتمانی رەتدەكاتەوە
هاوپەیمانی وەتەنییە، كە ئەیاد عەللاوی سەرۆكایەتی دەكات رایدەگەیەنێت، پرۆژە یاسای سەلامەتی نیشتمانی پرسیاری زۆر هەڵدەگرێ و رەتیدەكەینەوە.

هاوپەیمانی وەتەنییە، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "پیشكەشكردنی پرۆژە یاسایەكی لەم شێوەیە لەم قۆناخەدا، رەوشی ترسناكی عێراق دووپاتدەكاتەوە، زیادبوونی دیاردەی دابەش بوونی سیاسی و كۆمەڵایەتیش دەیسەڵمێنی، كە حكومەت تەنگژە دەخولقینێ، بەتایبەتیش دوای شكستهێنانی حكومەت لە بوارەكانی ئەمنی و خزمەتگوزاری و ئابووری".

بەگوێرەی بەیاننامەکەی هاوپەیمانی وەتەنییە، پرۆژە یاساكە "دەسەڵاتێكی زۆر دەبەخشێتە سەرۆك وەزیران و دەشتوانێ كاركردن بە دەستوورو یاسا و درێژكردنەوەی حاڵەتی فریاكەوتن بەبێ دیاریكردنی رێكارەكانی دەرچوون لەو حاڵەتە پەكبخات".

هاوپەیمانێتییەکەی عەللاوی، سەرسامی خۆشی لە هەنگاوەكانی حكومەت دەردەبڕی بۆ پەكخستنی ژیانی مەدەنی، كە لەژێر پاساوی "بەرگریكردن لە سەلامەتی نیشتیمانی" و بەهۆی سیاسەتە هەڵەكان و پەراوێزخستنی لایەن و پێكهاتەكانی دیكەی عێراقی دروستبووە.

هاوكات بەیاننامەکە مەترسی هاوپەیمانییەکەی دەربڕی لە ئامانجەكانی پشت پەسەندكردنی پرۆژە یاساكە، كە رەتكردنەوەی هەڵبژاردنەكان بێت وەكو هەنگاوی یەكەم بۆ رەتكردنەوەی فرە حزبی سیاسی".

لە كۆتایی بەیاننامەكەدا، هاوپەیمانی وەتەنییە داوای لە پەرلەمانتار و هێزە سیاسییەكان كرد "دژی یاساكە بوەستنەوەو پەسەندی نەكەن".

لە دانیشتنی 18ی ئاداری 2014، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی نیشان دا لەسەر پڕۆژە یاسای سەلامەتی نیشتمانی و رەوانەی پەرلەمانی كرد.












رووداو
Top