موسڵ.. لەمانگی ئاداردا 93 چەكداری داعش كوژراون
سەعید مەموزینی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی لقی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە موسڵ، ئاماری كوژراوانی شارەكەی لە مانگی ئادار بۆ تۆڕی میدیایی رووداو خستەڕوو و رایگەیاند، كە لەو مانگەدا 198 كەس كوژراون.
مەموزینی روونیكردەوە، لەو ژمارە كوژراوە 93 كەسیان چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بوون و بەهۆی رووبەڕووبوونەوەیان لە گەڵ پۆلیس و سوپای عێراق لە شارەكە كوژراون.
ئاماژەی بەوەشكرد 105 كەسی دیكەش كوژراون، كە خەڵكی مەدەنی و سەربازانی سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەكانی دیكەی شارەكەشی تێدایە.
سەبارەت بە رێژەی كوژرانی هاونیشتمانیی كورد لەو ماوەیەدا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی لقی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە موسڵ رایگەیاند كە لەو 105 كوژراوە 8 كەسی كوردی تێدایە، كە زۆربەیان كوردی شەبەكن. گوتیشی "2 پزیشكیش رفێنراون و دواتر كوژراون".
سەعید مەموزینی لە لێدوانەكەیدا بۆ رووداو رایگەیاند، كە بەراورد بە مانگی كانوونی دووەم و شوباتی ئەمساڵ ژمارەی قوربانییان رووی لە هەڵكشان كردووە، بەوپێیەی لە مانگی كانوونی یەكەمدا 91 كەس كوژراون و لە مانگی شوباتیشدا 73 كەس.
رووداو
