دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان دواخرا

 دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان دواخرا
پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا رایگەیاند بەهۆی بەدینەهاتنی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بۆ سێشەممەی داهاتوو دوابخات.

ئازاد سرێشمەیی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی بەدینەهاتنی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان کە لەلایەن فراکسیۆنە کوردستانییەکان و هاوپەیمانی موتەحیدونەوە بایکۆتکرا، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بۆ سێشەممەی داهاتوو دوابخات".

سرێشمەیی گوتیشی "بڕیارە سبەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان کۆببێتەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لەبارەی پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠١٤".

ئەو پەرلەمانتارە کوردە راشیگەیاند "دکتۆر فوئاد مەعسوم، سەرۆکی فراکسیۆنی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنە سیقۆڵییە تایبەتەکەی بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠١٤ پێی راگەیاندین کە لیژنەکەیان تا ئێستا نەگەیشتووەتە هیچ رێککەوتنێک بۆ تێپەڕاندنی بودجە بە رەزامەندی کورد".

بڕیاربوو پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆی خوێندنەوی دووەم بۆ پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠١٤ ئەنجام بدات، جگە لە دەنگدان لەسەر چەند پرۆژە یاسایەکی دیکە.

ئەمە لەکاتێکدایە بڕگەکانی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ٢٠١٤ کە تایبەتن بە پشک و هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بوونەتە جێی ناکۆکی نێوان هەولێرو بەغداو بە هۆکارێکی دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجەش دادەنرێت لە پەرلەمان.














رووداو
Top