رۆژی دادگاییکردنی ئەفسەری تۆمەتبار بە کوشتنی بدێوی دیاریکرا
عەبدولستار بەیرەقدار، گوتەبێژی ئەنجوومەنی دادوەری فیدراڵی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "دادگای پسپۆر لە كەیسی كوژرانی رۆژنامەنووس محەممەد بدێوی، كە رۆژی 22ـی ئەم مانگە لە سەر دەستی ئەفسەرێكی لیوای یەكی پاراستنی سەرۆك كۆماری عێراق، لە بەغدا كوژرا، حەوتی مانگی نیسانی داهاتووی بۆ بەڕێوەچوونی یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی تاوانبار بە كوشتنی بدێوی دیاری كرد".
ئەمە لەكاتێكدایە ئەنجوومەنی دادوەری فیدراڵی عێراق پێشوەخت رایگەیاند، كە لێكۆڵینەوە لەگەڵ تومەتبار بە كوشتنی بدێوەی كۆتاییهات و تۆمەتبارەكە بەپێی ماددەی 406ـی یاسای سزادانی عێراقی رەوانەی دادگا كرا.
هاوكات ماددەی 406ـی یاسای سزادانی عێراقی تایبەتە بە كوشتنی كەسێك بە مەبەستەوە یان بەبێ مەبەست و تووندترین سزاش، كە دەكرێ ئەو ماددەیە بەسەر تۆمەتبارێك بیسەپێنێ، سزای لە سێدارەدانە.
رووداو
