كوردانی دانیشتووی بەغدا لە ژێر "هەڕەشەدان"
فوئاد عەلی ئەكبەر، ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "دوای كوژرانی رۆژنامەنووس محەممەد بدێوی لەسەر دەستی ئەفسەرێكی كوردی لیوای دووی پاراستنی سەرۆك كۆماری عێراق، ئێستا كوردانی دانیشتووی بەغدا لە ژێر هەڕەشەدان و بەهۆی وروژاندنی هەستی خەڵكی لەلایەن چەند سیاسەتمەدارێك و دەزگایەكی راگەیاندنەوە دۆخەكە نالەبارە".
بە بڕوای فوئاد عەلی ئەكبەر لێدوان و هەڵوێستی لایەنی حكومەتی عێراق لەبارەی كەیسی بدێوییەوە دۆخەكەی بەو ئاقارە برد، ئەگەر نا كوژرانی ئەو رۆژنامەنووسە كەیسێكی جیناییەو دادگا بڕیاری لێدەدات هاوشێوەی كوژرانی راهێنەرێكی وەرزشی لەسەر دەستی هێزەكانی سواتی سەر بە نووسینگەی نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كەربەلا كە ساڵی2013 روویدا.
ئەو ئەندامە كوردەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا دەڵێت "ئەنجوومەنی بەغدا لە دوای رووداوی كوژرانی بدێوی كۆنەبووەتەوە، بۆیە تاوەكو ئێستا دۆخی دوای ئەو رووداوەی تاوتوێ نەكردووە، هەرچەندە پێشبینی دەكەین ئەندامانی دەوڵەتی یاساو لایەنگرانیان لە ئەنجوومەنی بەغدا بە تەواوی پشتگیری لە هەوڵوێست و حكومەتی عێراق بكەن لەبارەی ئەم كەیسە".
جەختیشدەكاتەوە "ئەوەندەی ئێمە ئاگامان لێ بێ هیچ كوردێك لە بەغدا تاوەكو ئێستا هێرشی نەكراوەتە سەر و زیادرەوەی لەسەر نەكراوە، بەڵام دۆخەكە وا بەردەوام بێ ئەگەر هەیە دەرئەنجامی خراپی لێبكەوێتەوە".
بە بۆچوونی ئەندامەكەی ئەنجوومەنی بەغدا كەیسی بدێوی بۆ دوو مەبەست بەكاردەهێنرێت، یەك بۆ دەركردنی لیوای پاراستنی سەرۆك كۆمار لە بەغداو دوو بۆ پروپاگەندەی هەڵبژاردن.
هاوكات سەرچاوەیەكی بەرپرس لە بەغدا كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێ بۆ (تۆڕێ میدیایی رووداو) گوتی "دوای كوژرانی رۆژنامەنووس محەممەد بدێوی لە بەغدا هەڕەشە لە كوردانی دانیشتووی بەغدا دەكرێ و بەردەوام دروشم لە دژی كورد بڵاودەكرێتەوە و هەندێك كەسیش داوای دەركردنی كورد دەكەن، بۆیە ژیانی كوردانی بەغدا لە مەترسیدایە".
محەممەد بدێوی، مامۆستای زانكۆ و بەرپرسی نووسینگەی رادیۆی دەنگی عێراقی ئازاد لە بەغدا، رۆژی شەممە 22-3-2014 لەبەرئەوەی ئامادەنەبوو بە ئۆتۆمبیلەكەی لە خاڵێكی پشكنینی سەر بە لیوای پاراستنی سەرۆك كۆماری عێراق بوەستێ، لەلایەن هێزەكەوە تەقەی لێكرا و كوژرا.
بەدوای ئەو رووداوە هەندێک لە بەرپرسانی عێراقی لێدوانی تووندیان بڵاوکردەوە و تەنانەت نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کاردانەوەیەکدا، تۆڵەكردنەوەی خوێنی محەممەد بدێوی خستە ئەستۆی خۆی و گوتی "خوێن بە خوێن و من دەبمە وەلی ئەمری"
رووداو
