داعش ناوچەیەكی دیالەی كۆنترۆل کردووە

داعش ناوچەیەكی دیالەی كۆنترۆل کردووە
لە پارێزگای دیالە چەكدارانی داعش ناحیەكی ناوچەكەیان كۆنترۆڵ كرد و لە ئاكامی شەروپێكدادانی نێوان ئەو چەكدارانەو هێزە ئەمنییەكانیش، ژمارەیەك كوژراو و بریندار كەوتۆتەوە. بە پێی زانیارییەكانیش چەكدارانی داعش لە مزگەوتەكانەوە داوای جیهاد لە هاووڵاتیان دەكەن.





لە راگەیەندراوێدا كە كۆپییەكی ئاراستەی ئاژانسی هەواڵی پەیامنێركراوە، بەرێوەبەری پۆلیسی دیالە، لیوا روكن جەمیل ئەلشمەری، رایگەیاندووە: شەوی رابردوو لە ناحیەی بەهروزی پارێزگای دیالە، ژمارەیەك چەكداری داعش هێرشیان كردۆتەسەر بازگەیەكی پشكنینی هێزەكانی پۆلیس و لە ئاكامی رووبەروبونەوەی هەردوولادا كە زیاتر لە نیو كاتژمێری خایاندووە، پۆلیسێك كوژراوە و دوو پۆلیسی دیكەش برنیداربون. هاوكات سێ چەكداری داعشیش كوژراون.



ئاماژەش بەوەدەكات، "هێزە ئەمنییەكان توانیویانە ناوچەكە كۆنترۆڵ بكەن و هۆشداریش دەداتە هاووڵاتیانی ناحیەكە كە ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە باس لەوە دەكەن چەكدارانی داعش كۆنترۆڵی ناوچەكەیان كردووە و ئەو هەواڵانە تەنها بۆ ترساندنی هاووڵاتیانە".



لە لایەكی دیكەوە و بە پێی سەرچاوەكانی هەواڵ، چەكدارانی داعش توانیویانە ناحیەی بەهرۆزی كۆنترۆڵ بكەن و هەروەها لە رێگەی مزگەوتەكانەوە داوای جیهاد لە هاووڵاتیانی ناوچەكە دەكەن و هاوكاتیش لە رێگەی موكەبەرەی مزگەوتەكانەوە سرد و دروشمی تایبەت بە گروپە تیرۆریستییەكان بۆ وروژاندنی هەستی هاووڵاتیان لێدەدەن.



هەر بە پێی ئەو زانیارییانە ژمارەیەكی زۆرتر پۆلیس كوژران لەو ژمارەیەی كە بەرێوەبەری پۆلیسی دیالە ئاشكرای كردووە.





PNA
Top