فەرماندەی لیوای 2ی کۆشکی کۆماری : تەنیا بە فەرمانی نووسینگەی تاڵەبانی شوێنی خۆمان چۆڵدەکەین
عەمید کەهدار، فەرماندەی لیوای دووی پاراستنی سەرۆک کۆماری عێراق لە بەغدا تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:
"لیواکانی پاراستنی سەرۆک کۆماری عێراق لە بەغدا بریتین لە لیوای یەک و لیوای دوو کە ئەرکی پاراستنی جەلال تاڵەبانی، سەرۆک کۆماری عێراق و ناوچەی سەرۆکایەتی لە بەغداو جێگرەکانی سەرۆک کۆمار لە ئەستۆدەگرن".
عەمید کەهدار گوتیشی "لیوای یەک و لیوای دووی پاراستنی سەرۆک کۆماری عێراق هیچ پەیوەندییەکیان بە پێشمەرگەو وەزارەتی پێشمەرگەوە نییە وەک لە راگەیاندنەکانەوە باس دەکرێ بگرە ئەو دوو لیوایە لە رووی ئیداریەوە سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراقن".
فەرماندەی لیوای دووی پاراستنی سەرۆک کۆماری عێراق راشیگەیاند "لیوای یەک و لیوای دووی پاراستنی سەرۆک کۆماری عێراق لە رووی جموجۆڵەوە فەرمان لە نووسینگەی سەرۆک کۆمارو فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق وەردەگرن".
عەمید کەهدار ئاماژەی بەوەشدا کە "لیوای یەک و لیوای دووی پاراستنی سەرۆک کۆماری عێراق ماوەی ١٠ ساڵە لە بەغدان و رۆڵێکی کاریگەریان لە پلانی سەپاندنی یاسا گێراوە لە بەغداو ناوچەکانی شوعلەو قادسییەو جامیعەو حەی مەهدییەو جادرییەو دۆرەمان پاراستووە".
عەمید کەهدار ئەوەشی خستەڕوو کە "لیوای یەک و لیوای دووی پاراستنی سەرۆک کۆماری عێراق بە باشترین هێزی سەربازی لە بەغدا ناسراون و چەندین جار لە نووسینگەی خودی سەرۆک وەزیرانی عێراقە سوپاسنامەیان بۆ هاتووە".
فەرماندەی لیوای دووی پاراستنی سەرۆک کۆماری عێراق جەختی لەوەشکردەوە کە "هیچ لایەنێکی بەرپرسی عێراق داوایان لە لیوای یەک و لیوای دووی پاراستنی سەرۆک کۆماری عێراق نەکردووە بەغدا بەجێ بهێڵن و ئێمە بە فەرمانی نووسینگەی سەرۆک کۆمار نەبێ بەغدا بەجێ ناهێڵین".
عەمید کەهدار زیاتر گوتی "ئەو رۆژنامەنووسەی کە دوێنێ لە بەغدا کوژرا بە سیادی پێچەوانەوە ویستبووی لە بازگەیەکی لیوای دووی پاراستنی سەرۆک کۆمار دەرباز بێ، بەڵام ئەفسەرێک رێگەی پێنەدابوو و دواتر رۆژنامەنووسەکە لەگەڵ ئەفسەرەکە بەشەڕهاتبوو ئەفسەرەکەش رۆژنامەنووسەکەی کوشت".
فەرماندەی لیوای دووی پاراستنی سەرۆک کۆماری عێراق جەختی لەوەشکردووە کە "هیچ هێزێک لیوای دووی ناچار نەکردووە ئەو ئەفسەرە رادەست بکات، بگرە لیوای دوو بەخۆی ئەو ئەفسەرەی دەستگیرکردو رادەستی پۆلیسی عێراقی کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە".
ئەم لێدوانانەی فەرماندەی لیوای دووی پاراستنی سەرۆک کۆماری عێراق لە کاتێکدایە چەند لایەنێکی سیاسی عێراق و ژمارەیەک رۆژنامەنووس و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی داوای دەرکردنی لیوای یەک و لیوای دووی پاراستنی سەرۆک کۆماری عێراق دەکەن لەبەغدا بەرامبەر تومەتبارکردنی سەربازێکی لیوای دووی پاراستنی سەرۆک کۆمار بە کوشتنی رۆژنامەنووسێک دوێنێ لە بەغدا.
رووداو
