دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ خوێندنەوەی بودجە دەستیپێكرد
ئازاد ئەبو بەكر سرێشمەیی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە كاژێر یانزەی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق كۆبێتەوەو خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵی ئەمساڵ بكات، بەڵام ئەگەر ئەو بڕگەو بابەتانەی تایبەتن بە پشكی كورد هەموار نەكرێتەوە ئەوە زۆربەی پەرلەمانتارانی كورد بەشداری كۆبوونەوەكە نابن".
گوتیشی "هاوكات لەوانەیە پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی موتەحیدوونیش بەشداریی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی نەكەن، بەم شێوەیەش رێژەی یاسایی تەواو نابێت بۆیە پێشبینی دەكەم لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆش خوێندنەوەی یەكەم بۆ بودجە نەكرێت ".
ئەمە لەكاتێكدایە بڕگە تایبەتەكان بە پشك و هەناردەكردنی نەوتی كوردستان جەخت لەوە دەكەنەوە كە دەبێ كوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات و داهاتی ئەو نەوتەش رادەستی بەغدا بكات بۆ خەرجكردنی پشكی لە بودجەی فیدراڵی.
هەولێر
