عێراق: سعودیە پشتگیری داعش دەکات

 عێراق: سعودیە پشتگیری داعش دەکات
دەزگاى هەواڵگرى عێراق ئاشکرایکرد، سوپاى عێراق لە پارێزگاى ئەنبار دەستى بەسەر ژمارەیەک ئۆتۆمبێلى سەربە رێکخراوى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام (داعش)دا گرتووە، کە تابلۆکانیان سعودین.

قاسم عەتا، سەرۆکی دەزگاى هەواڵگرى عێراق راگەیاند: "بوونى ئەو ئۆتۆمبیلانە بەڵگەى ئاشکران لەسەر پشتگیریکردنى وڵاتى سعودیە بۆ ئەو گروپە چەکدارییە".

قاسم عەتا گوتیشی: "ئەو ئۆتۆمبێلانە یان لە سنوورى سووریا ـ عێراق یان لە سنوورى سعودیە ـ عێراق هێنراونەتە نێو خاکى عێراق".

شوان محەممەد تەها، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى لە پەرلەمانى عێراق لەمبارەیەوە گوتى: "ئەمە لاوازى سیستمى بەرگرى عێراق نیشاندەدات لەئاست پاراستنى سنوورەکانى، هاوکات داواشیکرد پەنا ببرێتە بەر دادگاى نێودەوڵەتى و بەڵگەکان پێشکەش بکرێن لەسەر ئەو لایەنانەى پشتگیرى گروپە چەکدارەکان دەکەن لە عێراق".

واسق هاشمى، سەرۆکى سەنتەرى نەهرەین بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان دووپاتیکردەوە: "کۆنتڕۆڵ نەکردنى سنوورەکانى عێراق لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ رێگە بە هاتنى ئەو ئۆتۆمبێلانە دەدات، بەدوریشی نەزانى ئەو ئۆتۆمبێلانە لە سعودیە دزرابن بۆ هاوکاریکردنى گروپە چەکدارەکان ".

عەدنان نعمە سەلمان، شارەزا لە بوارى ئەمنى گومانى هەیە لە بەرامبەر لێدوانەکانى دەزگاى هەواڵگرى عێراق سەبارەت بە دەست بەسەرداگرتنى ئۆتۆمبێلى ژمارە سعودى و پێیوایە ئەو لێدوانانە زیاتر سیاسین نەک ئەمنى، بەو پێیەى سعودیە بەشداری نەکردووە لە کۆنگرەى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر، کە هەفتەى رابردوو لە بەغدا ئەنجامدرا"









رووداو
Top