موتەحیدون: لەگەڵ كورد لە هەماهەنگیداین لەبارەی بودجەوە

 موتەحیدون: لەگەڵ كورد لە هەماهەنگیداین لەبارەی بودجەوە
سەركردەیەكی دیاری هاوپەیمانی موتەحیدون، كە ئوسامە نوجەیفی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات، رایگەیاند، موتەحیدون و هاوپەیمانی كوردستان لە هەماهەنگیدان لەبارەی دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق، كە تاوتوێكردنی بودجە لەخۆدەگرێ.

محەممەد خالیدی، بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانتاری هاوپەیمانی موتەحیدون، تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند: "موتەحیدون و هاوپەیمانی كوردستان لە هەماهەنگیدان لەبارەی دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق، كە بڕیارە تاوتوێكردنی بودجەی فیدراڵی ساڵی 2014 لەخۆبگرێ".

خالیدی گوتیشی "بڕیارە ئەمشەو هاوپەیمانی موتەحیدون كۆببێتەوە بۆ یەكلاییكردنەوەی بەشداریكردنی یان بەشدارینەكردنی لە دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق".

بەپێی كارنامەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، كە بڕیارە سبەی یەكشەممە بەڕێوەبچێ، بڕیارە پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2014ـی عێراق ئەنجامبدات.

ئەمە لەكاتێكدایە بڕگە تایبەتەكان بە پشك و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان جەخت لەوەدەكەنەوە، كە دەبێ هەرێمی كوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەبكات و داهاتی ئەو نەوتەش رادەستی بەغدا بكات بۆ خەرجكردنی پشكی لە بودجەی فیدراڵی.

هاوكات ئەمڕۆ، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەرانی كورد لە بەغدا كۆبووەوە و بڕیاردرا پەرلەمانتارانی كورد بەشداری دانیشتنی سبەی پەرلەمان نەكەن ئەگەر تاوتوێكردنی رەشنووسی ئێستای بودجە لەخۆبگرێ، بەبێ هەمواركردنی بڕگە تایبەتەكانی بە پشك و نەوتی هەرێمی كوردستانەوە.










رووداو
Top