عەممار حەكیم هێرشی تووند دەكاتە سەر مالیكی
عەممار حەكیم، رابەری ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق لە وتارێكیدا لە دیداری هەفتانەی رۆشنبیری لە بەغدا، هۆشداری دا لە پەیرەوكردنی بەئامانجكردنی سیاسی، هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووی عێراق.
حەكیم گوتیشی "تانەلێدان لە كەسانێك پێگەی ئایینیان هەیە بۆ توڕەكردنی جەماوەرەو ئەوە كارێكی نائەخلاقی و ناشەرعییەو هەڵوێستێكی سووك و ریسوایە".
رابەری ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق راشیگەیاند، "ئەوەی زیادەڕەویمان بەرامبەر بكات، وەڵامێكی دەدەینەوە پێشبینی نەكات".
عەممار حەكیم وەک ئاماژەدان بە نووری مالیکی رایگەیاند، "كەسانێك تەنها بیر لە كاتی هەڵبژاردن دەكەنەوە بەبێ ئەوەی بیر لەوە بكەنەوە، كە هەڵبژاردن رێگەیەكە بۆ بەرهەمهێنانی پەرلەمان و حكومەتێكی نوێ".
حەكیم زیاتر گوتی "چ نموونەیەك پێشانی گەلی عێراق دەدەین، كاتێك پەنا بۆ بەئامانجكردنی سیاسی دەبەین، بەڵام دیارە وەڵاممان بۆ ئەو لایەنە دەبێ، كە پەنای بۆ بەئامانجكردنی سیاسی بردووەو تۆمەت بۆ خەڵكی هەڵدەواسێ".
ئەم لێدوانانەی رابەری ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق لە كاتێكدایە، نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق هەفتەی رابردوو لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ كەناڵی ئاسمانی (فرانس 24) رەخنەی تووندی لە موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر گرت.
هاوكات مالیكی رایگەیاند، كە سەدر ئەوەندە لە سیاسەت و دەستوور و یاسا تێناگات، چونكە نوێیە لەو بوارە.
ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق و رەوتی سەدر جگە لە ئایدلۆژیای ئایینی و مەزهەبی، بە هاوپەیمانی یەكتر دەناسرێن و بە بەرەی بەرهەڵستكاری مالیكی ناودەبرێن.
رووداو
