هەواڵگری عێراق هەڕەشەی ئاشكراكردنی بەڵگەكان دەكات
فەریق قاسم عەتا، گوتەبێژی یەكەم كۆنگرەی نێودەوڵەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراق و سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا رایگەیاند: "بەڵگەمان لایە لەبارەی تێوەگڵانی هەندێ وڵات لە پاڵپشتیكردنی گروپە تیرۆریستییەكان لە عێراق و ئەگەر داوامان لێبكرێ لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەو بەڵگانە دەخەینەڕوو".
قاسم عەتا گوتیشی "ئەمریكا بەڵێنی داوە پەلە بكات لە رادەستكردنی چەك و تەقەمەنی بۆ عێراق و بەغدا بەنیازە ئەمیندارێتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دابمەزرێنێ".
گوتەبێژی یەكەم كۆنگرەی نێودەوڵەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر راشیگەیاند، "عێراق و رێكخراوی پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپوڵ) لە ئایندەیەكی نزیكدا كۆدەبنەوە بۆ تاوتوێكردنی رادەستكردنی تۆمەتبارە داواكراوەكان لەنێوان هەردوولا".
ئەمە لە كاتێكدایە بریت ماكورك، راوێژكاری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری عێراق و ئێران لە وتارێكدا لە یەکەم كۆنگرەی نێودەوڵەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراو، رایگەیاند: "داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین داواكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەجێبگەیەنێت و چەكدارانی عێراق لە سووریا بكێشێتەوە".
یەكەم كۆنگرەی نێودەوڵەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراق، دوێنێ چوارشەممە لە بەغدا بە بەشداری نوێنەری نزیكەی 40 وڵاتی عەرەبی، بیانی و رێكخراوی نێودەوڵەتی دەستپێكرد و بڕیارە دوو رۆژ بەردەوامبێت، لەكاتێكدا سعودیەو قەتەر بەشداری تێدا ناكەن.
ئامانج لە بەستی ئەو كۆنگرەیە پێشكەشكردنی پێشنیازە بۆ واژۆكردنی رێككەوتنێك لە بواری هەواڵگری لەنێوان وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
رووداو
