نوجێفی: دەسەڵاتی سوپا لە ئەنبار رووەو لاوازی دەچێت
ئوسامە نوجێفی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە وتارێكیدا لە زانكۆی موسڵ رایگەیاند: "حكومەتی عێراق ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ تەنگژەی ئەنباردا نەكردووەو سیاسەتی درۆ و تۆمەتبەخشینەوەی لە ئاست خۆپێشاندەران پەیڕەوكردووە".
نوجێفی گوتیشی: "حكومەت هەڵیكوتایە سەر گۆڕەپانی خۆپیشاندەران و ئەحمەد عەلوانی پەرلەمانتاریشی دەستگیركرد بەم هەڵسوكەوتەشی هۆزەكانی تووڕەكردو ناچاربوون بەرگری لە خۆیان بكەن، لەكاتێكدا حكومەت دەڵێت بۆ راوەدوونانی گرووپە چەكدارەكان ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەستپێكردووە".
سەرۆكی پەرلەمانی عێراق زیاتر گوتی: "مالیكی بوونی گرووپە چەكدارەكانی كردووەتە پاساوێك بۆ بۆردوومانكردنی شاری رومادی و فەللـوجەو گەرمەو سەقڵاویە، پێشتر حكومەتمان ئاگاداركردەوە كە تەنگژەی ئەنبار بە رێگەی سەربازی چارەسەر نابێت، بەڵام حكومەت گوێی پێنەدا، بەڵام دوای دوو مانگ دەركەوت كە رەوشەكە روو لە خراپبوونە و دەسەڵاتی سوپاش روو لە كزییەو زۆربەی ناوچەكانیش لە ژێر كۆنتڕۆڵی سوپادا نین و گرووپە چەكدارەكانیش هێشتا لە فەللـوجەو رومادی بونیان هەیە".
لە 11ی ئەم مانگە ئەنجوومەنی كاتیی شارۆچكەی فەللـوجە رایگەیاند لە پێناو گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنەكانیان دەبێ حكومەت بۆردومانی هەڕەمەكی رابگرێت و دەروازەكانیش لە بەردەم هاووڵاتیان بكاتەوە. هەروەها لە 10 ئەم مانگەش ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار كردنەوەی دوو دەروازەی شارۆچكەی فەللـوجەی راگەیاند، ئاشكراشیكرد حكومەتی عێراق بڕی سێ ملیار دیناری تەرخانكردووە بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو خێزانانەی بەهۆی ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە زەرەرمەندبوون
هەولێر
