دارایی عێراق روونکردنەوە لەسەر بڕیارەکەی مالیکی دەدات
سەفائەدین سافی، وەزیری دارایی عێراق بە وەکالەت تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "حکومەتی عێراق تا ئێستا بڕیاری خەرجکردنی تەنها یەک لەسەر دوازدەی بودجەی بەکارخستنی ساڵی 2013ی دەرکردووەو لە دوو مانگی رابردووش تەنها ئەو بڕەی خەرجکردووە نەک هەموو بودجەی ساڵی 2014 وەک لە زاری سەرۆک وەزیرانەوە باسی لێوە دەکرێ".
سافی گوتیشی "خەرجکردنی یەک لەسەر دوازدەی بودجەی خولاوی بەکارخستنی ساڵی 2013 بەپێی یاسا مافی حکومەتە".
وەزارەتی دارایی عێراق راشیگەیاند "پێشبینی دەکەین لە مانگانی داهاتوو داهاتی عێراق زیاد بکات و حکومەت بتوانێ بە ئاسانی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق خەرج بکات".
ئەم لێدوانانەی وەزیری دارایی عێراق بە وەکالەت لە کاتێکدایە نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نوێترین وتاری هەفتانەی رایگەیاند کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بودجەی فیدراڵی خەرج بکات و چیتر چاوەروانی پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2014 نەبێ لەلایەن پەرلەمانەوە.
رووداو
