چەلەبی: پشتگوێخستنی پەرلەمان هەڕەشە لە یەکپارچەیی عێراق دەکات

 چەلەبی: پشتگوێخستنی پەرلەمان هەڕەشە لە یەکپارچەیی عێراق دەکات
ئەحمەد چەلەبی، سەرۆکی کۆنگرەی نیشتمانی عێراقی رایگەیاند پشتگوێخستنی پەرلەمان و خەرجکردنی بودجەی فیدراڵی بەبێ پەسەندکردنی یاسای بودجە هەڕەشە لە یەکپارچەیی و پرۆسەی دیموکراتی عێراق دەکات.

ئەحمەد چەلەبی راگەیاند:"پشتگوێخستنی پەرلەمان و خەرجکردنی بودجەی فیدراڵی بەبێ پەسەندکردنی یاسای بودجەو رەزامەندی پەرلەمان هەڕەشە لە یەکپارچەیی و پرۆسەی دیموکراتی عێراق دەکات".

چەلەبی گوتیشی: "کاتێک لە ئەمریکا پەسەندکردنی بودجەی فیدراڵی دواکەوت حکومەت ناچار قەرزی کرد و بەشێک لە فەرمانبەرانیشی رەوانەی ماڵەوە کردەوە، بەڵام بودجەی بەبێ رەزامەندی کۆنگرێس خەرج نەکرد".

سەرۆکی کۆنگرەی نیشتمانی عێراقی راشیگەیاند: "یاسای کارگێڕی دارایی و قەرزی گشتی عێراق سزای بۆ ئەو کەسانە دیاریکردووە کە سامانی گەنجینەی گشتی عێراق لە دەرەوەی چوارچێوەی بودجەی فیدراڵی خەرج دەکەن".

ئەحمەد چەلەبی ئەوەشی خستەڕوو "دەستووری عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێ خەرجکردنی سامانی گشتی لە چوارچێوەی بودجە بێ، بەڵام بڕیاری حکومەتی عێراق بە خەرجکردنی بودجە بەبێ یاسای بودجە بە واتای تەحەداکردنی پەرلەمانە لەلایەن حکومەتەوە کە هەوڵی تاکڕەوی دەدات".

چەلەبی کە هاوکات سەرکردەیەکی هاوپەیمانی نیشتمانییە ئاماژەی بەوەشدا "چاودێریکردنی خەرجی گشتی عێراق یەکێکە لە ئەرکەکانی پەرلەمان و هەر پەرلەمانە رێگە بە حکومەت دەدات سامانی گشتی خەرج بکات، بۆیە حکومەت ناتوانێ پەرلەمان پشتگوێ بخات".

ئەو لێدوانانەی چەلەبی لەکاتێکدایە نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نوێترین وتاری هەفتانەی خۆیدا رایگەیاند، کە بڕیاریدا بودجەی فیدراڵی ساڵی 2014ی عێراق خەرج بکات و چیتر چاوەڕوانی پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجە نەبێ لەلایەن پەرلەمانەوە.









رووداو
Top