ئەنجوومەنی وەزیران: مووچەی مانگەکانی دواتر لە ئەستۆی حکومەتی کوردستانە

 ئەنجوومەنی وەزیران: مووچەی مانگەکانی دواتر لە ئەستۆی حکومەتی کوردستانە
لە نووسراوی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە، كە ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق كراوە ئەوە خراوەتەڕوو كە سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە مووچەی تەنها مانگی شوباتی فەرمانبەرانی كوردستان خەرج بكات و مووچەی مانگەكانی دواتر لە ئەستۆی حكومەتی كوردستانە.

لە نووسراوەدا كە كۆپییەكی تایبەت بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە هاتووە: "حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند نەبووە بە دەستوور و یاسای رێكخستنی كاروباری فەرمانگەكانی خۆی و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی تایبەت بە هەرێمی كوردستان خەرج نەكراوە وەك لە ماددەی 9ی یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2013 هاتووە".

نووسراوەكە زیاتر دەڵێ "لەبەرئەوەی ئەركی حكومەتی فیدراڵی عێراقە بەرژەوەندی هاووڵاتیان بپارێزێ و ژیانێكی ئاسوودەیان بۆ دابین بكات و بەردەوامی كاری دامودەزگا گشتییەكان مسۆگەر بكات بە هەموو عێراق و هەرێمی كوردستانەوە، سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریدا مووچەی تەنها مانگی شوباتی فەرمانبەرانی كوردستان خەرج بكات و مووچەی مانگەكانی دواتر لە ئەستۆی حكومەتی كوردستان دەبێ".

ئەمە لەكاتێكدایە مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لە وتارێكدا لە مەراسیمی ناشتنی رووفاتی ژمارەیەك لە ئەنفالكراوانی دەڤەری بارزان رایگەیاند:"ئەگەر بەغدا سوور بێ لەسەر هەڵوێستە تووندەكانی بەرامبەر هەرێمی كوردستان ئەو كات كوردستان هەڵوێستێكی دەبێ حكومەتی عێراق پێشبینی نەكات".









رووداو
Top