مالیكی: بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران پارە بۆ هەندێك پرۆژە خەرج بكەن
نووری مالیكی لە وتارەكەیدا جەختیكردەوە كە پێویستە پرۆژەیاسای بودجە بەزووترین كات بخرێتە نێو دانیشتنەكانی پەرلەمان و قسەی لەسەر بكرێت، هۆكاری پەكخستنی بودجەشی بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان گەڕاندەوە و گوتی "ئەوە كاری گرووپێكەو دەیانەوێت لەڕێی ناڕەزایی خەڵكەوە حكومەتی عێراق بڕووخێنن، بەڵام بەرپرسیارێتی هەموو ئەوانە دەكەوێتە ئەستۆی سەرۆكی پەرلەمان".
سەرۆك وەزیرانی عێراق بە ئاماژەدان بەوانەی كە رەخنەی لێدەگرن بەوەی پابەندی دەستووری عێراق نابێت، كە كوتلەكەی نوجێفی یەكێكە لەوانە، گوتی "منیش پرسیار دەكەم ئەو كارانەی سەرۆكی پەرمان دەیكات لە پەكخستنی بودجە دەستوورین؟، بێگومان دەڵێین نەخێر".
مالیكی گوتیشی كە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی دوێنێ سێشەمەدا بڕیاریانداوە بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران پارە بۆ هەندێك پرۆژە خەرج بكەن كە پەیوەستن بە ژیانی هاووڵاتیانی عێراقەوە، بۆ ئەو بڕیارەش گوتی "لەبەرئەوەیە كە پەرلەمان تاوەكو ئێستا پرۆژەیاسای بودجەی پەسەند نەكردووە".
مالیكی سەرباری جەختكردنەوە لە تێپەڕاندنی بودجە، وەك گوشارێكیش ئاماژەی بەوەدا كە ئەندامانی كوتلەكەی لە دەوڵەتی یاسا ئامادەی دانیشتنەكانی لەمەودوای پەرلەمان نابن ئەگەر سەرۆكایەتی پەرلەمان بودجە نەخاتە گفتوگۆوە.
رووداو
