یەكێتی زانایان: مووچەنەدان پێچەوانەی شەرعە

 یەكێتی زانایان: مووچەنەدان پێچەوانەی شەرعە
یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان دەڵێت: "رێگرتن لە پێدانی مووچە‌و بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان مامەڵەیەكی تەواو دوژمنكارانەیە‌و پێچەوانەی شەرعە".

مەلا عەبدوڵڵا مەلا سەعید، سەرۆكی یەكێتی زانایان لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی یەكێتییەكە رایگەیاند: "ئەوەی ئێستاكە حكومەتی عێراقی بەرامبەر هەرێمی كوردستان ئەنجامی دەدات، مامەڵەیەكی تەواو دوژمنكارانەیە‌و دوورە لە گیانی پێكەوەژیانی هاوبەش".

سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان ئەو كردارەی بەغدا بە پێچەوانەی شەرعی ئیسلام ‌و هەموو ئایینە ئاسمانیەكان دادەنێت و دەڵێت:" رێگرتن لە دانی مووچە‌و بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان پێچەوانەی شەرعی پیرۆزی ئیسلام ‌و هەموو ئایینە ئاسمانییەكانە، چونكە وێڕای هەستی ستەمكارانە، بڕینی قووتی ژیانی خەڵك ‌و دووبارەكردنەوەی ئەزموونی وڵاتە ستەمكارەكانە".

مەلا عەبدوڵا مەلا سەعید رەخنە لە سەرۆك وەزیرانی عێراق دەگرێت و دەڵێت: "ئێستا گەلی كورد هەست دەكات، سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق هەمان مامەڵەی سەركردە یەك لە دوا یەكەكانی عێراق دژی كورد دووبارە دەكاتەوە، ئەمەش رۆژ بە رۆژ هەستی گەلی كورد زیاتر بریندار دەكات‌و گیانی پێكەوەژیان لاوازتر دەكات".

سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان گوتیشی:" چونكە ئەم مامەڵەیە تەنها لەگەڵ حكومەتی هەرێم نییە، بەڵكو پێش ئەوە دژایەتیكردنی خەڵكی هەرێمی كوردستانە، بەمەش دەیان مەرگەسات بە بیر كورد دێتەوە."

مەلا عەبدوڵا مەلا سەعید داوا لە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكات بە رۆحێكی پڕ حیكمەت‌و خۆڕاگری مامەڵە بكەن و دەڵێت:" خەڵك مافی ئەوەی هەیە داوای مووچە‌و دابینكردنی ژیانێكی شەرەفمەندانە بكات، بەڵام وەك دیارە بابەتەكە لەوە گەورەترە كە پەیوەست بێت تەنها بە حكومەتی هەرێمەوە"











رووداو
Top