ئەنجوومەنی وەزیران یاسای جەعفەری پەسەنددەكات

 ئەنجوومەنی وەزیران یاسای جەعفەری پەسەنددەكات
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی ئاسایی ئەمڕۆیدا، پرۆژە یاسای جەعفەری بۆ كاروباری كەسێتی لە عێراق، پەسەندكرد رەوانەی پەرلەمانی كرد.

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:
"ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا پرۆژە یاسای جەعفەری بۆ كاروباری كەسێتی لە عێراق، كە حەسەن شەممەری، وەزیری دادی عێراق پێشتر پێشكەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی كردبوو، پەسەندكرد و رەوانەی پەرلەمانی كرد بۆ پەسەندكردنی".

سەرچاوەكە گوتیشی، "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بە هیچ شێوەیەك باسی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی ساڵی 2014 نەكراوە".

ئەمە لەكاتێكدایە رێكخراوی هیومەن رایتس وۆچی داكۆكیكار لە مافەکانی مرۆڤ لە جیهان، پێشتر لە راگەیەنراوێکدا رەخنەی زۆری لە یاسای جەعفەری گرت و راشیگەیاند، ژمارەیەكی زۆر لە رێكخراوە پسپۆرەكانی یاسا جەخت لەوەدەكەنەوە، كە ئەو یاسایە پەرە بە تایەفەگەری دەدات و پێكهاتە مەزهەبییەكان لەیەك جیادەكاتەوە.

راگەیەنراوەکەی هیومەن رایتس وۆچ ئاماژەی بەوەشدابوو، كە یاسای جەعفەری چەند بڕگەیەك لەخۆدەگرێ، کە مافی منداڵ پێشێل دەكەن و تەمەنی یاسایی بە شوودانی كچان بە 9 ساڵ دیاریدەكات و تەمەنی یاسایی ژنهێنانی كورانیش بە 15 ساڵ دیاری دەكات و رێگە نادات پیاوانی موسڵمان ژن لە شوێنكەوتووانی ئایینەكانی دیكە بهێنن، مەگەر بە شێوەیەكی كاتی نەبێ.

رێكخراوە نێودەوڵەتییەكە ئاشكراشی كرد، كە "یاسای جەعفەری چەند ماددەیەك لەخۆدەگرێ، کە پرسی فرە ژنی فراوانتر دەكەن و مافی ئافرەتان لە پرسی میرات و جیابوونەوە لە هاوسەرەكانیان پێشێل دەكەن".









رووداو
Top