سوپای عێراق بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی فەللوجە و رومادی
شێخ قاسم ئەلكەربولی، ئەندامی لیژنەی رێكخستنی گۆڕەپانی پێشووی خۆپێشاندانەكانی رومادی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سوپای عێراق بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی ناوچەکانی مەلعەب و شەقامی بیستی لە شاری رومادی، چونکە ناوچەی مەلعەب بە مۆڵگەی سەرەکی چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) دادەنرێ".
کەربولی گوتیشی: "سوپای عێراق هاوکات بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەی گشتی شارۆچکەی فەللوجە، بەڵام هۆکاری ئەو بۆردوومانە تا ئێستا نەزانراوە".
ئەو سەرکردەیەی خۆپێشاندەرانی رومادی راشیگەیاند "نەخۆشخانەی گشتی فەللوجە ژمارەیەک کارمەندی فلپینی لەخۆدەگرێ و ئێستا ژیانی ئەو کارمەندانە لە مەترسیدایەو داوا دەکەن رێگەیان پێبدرێ لە فەللوجە بچنە دەرەوە".
هاوکات فالح عیساوی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار رایگەیاند: "نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەو دەستپێشخەرییەی ئەنجوومەن پێشتر خستییەڕوو بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی ئەنبار".
عیساوی جەختشیکردەوە لەوەی کە شارۆچکەی فەللوجە بەگشتی هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی چەکدارانەو ناوچەی گەرمەش کە سەر بە فەللوجەیە لە ماوەی 72 کاژێری داهاتوو لەلایەن سوپای عێراقەوە کۆنترۆڵ دەکرێ.
سوپای عێراق لە 21ی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2013وە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە دژی چەکدارانی تووندڕەو دەستپێکردووەو بەهۆیەوە بە سەدان کەس کوژراون و برینداربوون، جگە لە ئاوارەبوونی زیاتر لە 300 هەزار کەس لە ئەنبار.
رووداو
