وادەی‌ دەنگدانی‌ تایبەت و دەنگدانی‌ هاوڵاتیانی‌ دەرەوەی‌ عێراقی‌ دیاری‌ كرا

 وادەی‌ دەنگدانی‌ تایبەت و دەنگدانی‌ هاوڵاتیانی‌ دەرەوەی‌ عێراقی‌ دیاری‌ كرا
كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی‌ عێراق وادەی‌ دەنگدانی‌ تایبەت و دەنگدانی‌ هاوڵاتیانی‌ دەرەوەی‌ عێراقی‌ لە هەڵبژاردنی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەران دیاری‌ كرد .

لەو بارەوە موحسین موسەوی‌ ئەندامی‌ ئەنجومەنی‌ كۆمسیارانی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردنەكانی‌ عێراق رایگەیاند لە راگەینراوێكدا كە لە سایتی فەرمی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بڵاوكراوەتەوە كە ئەنجومەنی‌ كۆمسیاران رۆژی‌ 28 نیسانی‌ 2014ی‌ وەك وادەیەك بۆ دەنگدانی‌ تایبەت دیاریكردووە كە هێزە ئەمنییەكان و كارمەندانی‌ وەزارەتەكانی‌ ناوخۆ و بەرگری‌ دەگرێتەوە.

موحسین موسەوی‌ گووتیشی هاوكات ئەنجومەنی‌ كۆمسیاران رۆژانی‌ بیست و حەوت و بیست و هەشتی نیسانی‌ داهاتووی‌ وەك وادەیەك بۆ دەنگدانی‌ هاوڵاتیانی‌ عێراق لە دەرەوەی‌ وڵات دیاریكردووە. جەختیشی‌ لەوە كردەوە كە كۆمسیۆن ئەو وادانەی‌ پێش وادەی‌ دەنگدانی‌ گشتی‌ دیاریكردووە بۆ ئەوەی‌ هێزە ئەمنییەكان بتوانن لە رۆژی‌ دەنگدانی‌ گشتیدا كە 30 نیسان دەكات، پارێزگاری‌ ناوەندەكانی‌ دەنگدان و دەنگدەران بكەن.

سەبارەت بەو هاوڵاتییە عێراقییانەی‌ لە دەرەوەی‌ وڵاتن، موسەوی رایگەیاند كە نووسینگەی‌ هەڵبژاردنیان لە چواردە وڵات كردووەتەوە و لە 5 وڵاتیش ناوەند و وێستگەی‌ دەنگدان دەكەنەوە بۆ ئەوەی‌ بتوانن لەماوەی‌ ئەو دوو رۆژەی‌ بۆیان دیاریكراوە، دەنگ بدەن.
Top