نوجێفی: شكستهێنانی چارەسەركردنی كێشەكانی نەوت بەسەر پەرلەمان شكایەوە
ئوسامە نوجەیفی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا رایگەیاند:"ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2014ی عێراقی بە هەموو خاڵە جێناكۆكەكانی رەوانەی پەرلەمان كردووەو شكستهێنانی حكومەت لە چارەكردنی كیشەكانی نەوت لەگەڵ كوردستان بەسەر پەرلەمان شكایەوە و بایكۆتكردنی بودجە رەتدەكەینەوە".
نوجەیفی گوتیشی: "دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووی عێراق لە پارێزگای ئەنبار بە واتای دواخستنی ئەو هەڵبژاردنەیە لە هەموو عێراق و هەنگاوێكی هاوشێوە كێشەی زۆر بەدوای خۆیەوە دێنێ".
ئوسامە نوجەیفی كە هاوكات سەرۆكی هاوپەیمانی موتەحیدوونە ئاماژەی بەوەكرد كە "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی ی2014 عێراقی بە هەموو خاڵە جێناكۆكەكانی رەوانەی پەرلەمان كردووە".
سەرۆكی پەرلەمانی عێراق راشیگەیاند: "پێویستە حكومەتی عێراق لێبوردنێكی گشتی بۆ هەموو ئەو كەسانە دەربكات كە لە پێشهاتەكانی ئەم دواییەی پارێزگای ئەنبار چەكیان هەڵگرتووە بەدەر لە چەكدارانی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)ی سەر بە (قاعیدە)".
نوجەیفی زیاتر گوتی داوای كردووە ئەو تانانەی كە حكومەتی عێراق لە یاسای ژمارە 21ی پارێزگاكانی عێراق كە هەرێمێك پێكناهێنن دراون رەتبكرێنەوە، "داواكارم لە حكومەت بە هەڵوێستی خۆی بچێتەوە لە بارەی تانەلێدان لەو یاسایە".
سەرۆكی هاوپەیمانی موتەحیدون هاوكات داوای لە پەرلەمانتارانی هاوپەیمانییەكەی كرد كۆتایی بە بایكۆتكردنی دانیشتنەكانی پەرلەمان بێنن و بەشداری لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان بكەن.
رووداو
