بەغدا دانووستان لەگەڵ "داعش" رەتدەکاتەوە
عەلی موسەوی، راوێژکاری رۆژنامەوانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "ئەو دەنگۆیانەی کە هەندێ دەزگای راگەیاندنی جێی گومان بڵاویان کردووەتەوە لە بارەی بوونی نێوانگیری یان دەستپێکردنی دانووستاندن لە نێوان حکومەتی عێراق و تیرۆریستانی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق شام ناسراو بە(داعش) و (قاعیدە) بێ بنەمان".
موسەوی گوتیشی "مەحاڵە حکومەتی عێراق دانووستاندن لەگەڵ ئەو تاوانبارانە بکات، چونکە ئەوان گەورەترین تاوانیان لە دژی گەلی عێراق ئەنجامداوەو ئێستا بەردەوامن لە ئەنجامدانی تاوانی هاوشێوە لە رومادی و فەللوجە لە پارێزگای ئەنبار و ناوچەی دیکەش".
راوێژکاری رۆژنامەوانی سەرۆک وەزیرانی عێراق راشیگەیاند، "بڵاوکردنەوەی هەواڵی هاوشێوە هەوڵێکە بۆ بەهێزکردنی ورەی تیرۆریستان، کە ورەیان رووخاوە، هاوکات هەوڵێکە بۆ رووخاندنی ورەی سوپای عێراق کە لە جەنگێکی پیرۆزە لە دژی دوژمنانی خوداو مرۆڤایەتی".
عەلی موسەوی جەختیشی کردەوە لەوەی، کە "سوپای عێراق بەردەوام دەبێ لە جەنگی دژی تیرۆریستان لە عێراق تا ئەوکاتەی بنبریان دەکات".
ئەمە لەکاتێکدایە سوپای عێراق ماوەی زیاتر لە مانگێکە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە دژی چەکدارانی توندڕەو لە پارێزگای ئەنبار دەستپێکردووەو تا ئێستاش زیاتر لە 650 قوربانی و ئاوارەبوونی زیاتر لە 140 هەزار دانیشتووی ئەنباری لێکەوتووەتەوە.
رووداو
