دادگای‌ تاوانەكان‌ بە فەرمی‌ تۆمەتی‌ تیرۆری ئاراستەی‌ ئەحمەد عەلوانی كرد

 دادگای‌ تاوانەكان‌ بە فەرمی‌ تۆمەتی‌ تیرۆری ئاراستەی‌ ئەحمەد عەلوانی كرد
دادگای‌ تاوانەكانی‌ عێراق، بە فەرمی‌ تۆمەتی‌ تێوەگلان بە تاوانی‌ تیرۆری‌ ئاراستەی‌ پەرلەمانتار ئەحمەد عەلوانی‌ كرد و دوێنێ یەكەم دانیشتنی‌ دادگاییكردنی‌ ئەو پەرلەمانتارە ئەنجامدرا، بەڵام دواتر دانیشتنەكە دواخرا بۆ بیست و حەوتی‌ ئەم مانگە .ئەحمەد عەلوانی‌، كە سەرۆكی‌ لیژنەی‌ ئابوورییە لە ئەنجومەنی‌ نوێنەران، یەكێك بووە لەو پەرلەمانتارانەی‌ سەركردایەتی‌ خۆپێشاندانەكانی‌ پارێزگای‌ ئەنباری‌ دەكرد.

دادگای‌ تاوانەكانی‌ ناوەندی‌ عیراق، بڕیاریدا بە دواخستنی‌ دانیشتنی‌ دادگاییكردنی‌ پەرلەمانتار ئەحمەد سلێمان عەلوانی‌ بۆ 27ی ئەم مانگە. بەپێی بەیاننامەیەك كە ئەنجومەنی‌ دادوەری‌ عیراق بڵاویكردووەتەوە دادگای‌ تاوانەكانی‌ ناوەندی‌ یەكەم دانیشتنی‌ خۆی‌ ئەنجام دا و تیایدا سێ تۆمەت ئاراستەی‌ ئەحمەد عەلوانی‌ كراوە.

لە بەیاننامەكەدا، روونكراوەتەوە، كە سێ تۆمەتەكە پەیوەستن بە دەستدرێژیكردنە سەر كەرتە سەربازییەكان و كوشتن ‌و برینداركردنی‌ ژمارەیەك لە ئەندامانی‌ هێزە ئەمنییەكان بە پاساوی‌ تیرۆر.
Top