مالیکی و بان کی مون باسی هەرێمی کوردستانیان کردووە

 مالیکی و بان کی مون باسی هەرێمی کوردستانیان کردووە
بان کی مون، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لەگەڵ نووری مالیکی، باسیان لە پەیوەندی نێوان هەولێرو بەغدا کردووە. هاوکات مالیکی داوایەکی بان کی مون رەتدەکاتەوە و داوای لێبوردنی لێدەکات.

دوای گەیشتنی بۆ عێراق و کۆبوونەوەی نێوانیان، بان کی مون، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا.

بان کی مون رایگەیاند "لەگەڵ نووری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق گفتوگۆمان کردووە لەبارەی پەیوەندی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و رەوشی ئەمنی و هەڵبژارنی داهاتوو و پەیوەندی دوو قۆڵی نێوان عێراق و کوەيت و رەوشی سووریا".

ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ستایشی دانووستاندنی نێوان بەغدا و هەولێر و جدییەتی هەردوولای کرد لە گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر چەند دۆسییەیەک، لەوانە داهاتی نەوت و بوژانەوە. هاوکات گوتیشی " بە شێوەیەکی گشتی ئێمە هەوڵدەدەین عێراق وڵاتێکی فیدڕاڵی و دیموکراسی بێت".

بان کی مون هانی سەرکردەکانی عێراقی دا کە کاربکەن لە پێناوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پارێزگاريکردن لە پرۆسەی سیاسی. هاوکات ستایشی عێراقی کرد لە پێشوازی کردن لە پەنابەرانی سووریا کە بەهۆی پێکدادانە سەربازییەکان زێدی خۆیان بەجێهێشتووە.

ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان لە عێراق گوتی" نەتەوە یەکگرتووەکان هانی وڵاتانی ئەندام دەدات، کە پێویستە ستراتیژیەتێکی تایبەت بە سزای لە سێدارەدانیان هەبێ".

عێراق لە ریزبەندی پێشوەی ئەو وڵاتانە دێت کە زۆرترین سزای لە سێدارەدان جێبەجێ دەکات.

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، بان کی مون گوتیشی لەگەڵ مالیکی ئەو پرسەمان تاوتوێکردووە و جەخت لەوەکرایەوە کە گرنگە هەموو وڵاتانی ئەندام راسپاردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبەرچاو بگرێ و جێبەجێی بکات.

لە بەرامبەردا مالیکی داوای لێبوردنی لە ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و رایگەیاند، پابەندە بەجێبەجێکردنی یاسای جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان و گوتیشی، دەستووری عێراق رێگەی بە لە سێدارەدان داوە و هەروەها لە ئاینی ئیسلام رێگە پێدراوە.

مالیکی راشیگەیاند، ئێمە رێز لە بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگرین، بەڵام هەر کەسێک خەڵک بکوژێ، هیچ مافێکی نییە و ژیان هیچ بەهایەکی نابێ، کاتێک کەس و کاری قوربانیان ببینن ئەو تاوانبارانە لە ژیاندا ماون.







رووداو
Top