ئۆپه‌راسیۆنی دیجله له خورماتوو داوای كردنه‌وه‌ی باره‌گا ده‌كات
لیژنه‌ی ئه‌منی قه‌زاكه ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕێت
هێزه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی دیجله بۆ جارێكى تر هه‌وڵی كردنه‌وه‌ی باره‌گایه‌ك له قه‌زاى خورماتووى سه‌ر به‌پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین ده‌دات، سه‌رۆكی لیژنه‌ى ئه‌منی قه‌زاكه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رازى نین باره‌گای ئۆپه‌راسیۆنی دیجله بكرێته‌وه.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 19/12 شه‌لال عه‌بدول سه‌رۆكى لیژنه‌ى ئه‌منى قه‌زاى خورماتوو راگه‌یاند \'پێشتر هێزه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی دیجله له قه‌زاى خورماتوو ویستیان خۆیان جێگیر بكه‌ن، به‌ڵام ئێمه قبووڵمان نه‌كرد، ئه‌وه بوو كێشه‌ی ئه‌منیشیان بۆ دروست كردین، ئێسته‌ش به‌پێی زانیارییه‌كانمان عه‌بدولئه‌میر زه‌یدى فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی دیجله به‌نوسراوى تایبه‌ت داواى له فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پیاده‌ى عێراق كردووه باره‌گای دیجله له خورماتوو دابمه‌زرێنن\'.
ئه‌وه‌شی راگه‌یاند ئه‌وان له سنوری قه‌زاى خورماتوو لیژنه‌ى ئه‌منى تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه و هاوكات هێزه‌كانی لیواى 16ى سوپای عێراق و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش له سنوره‌كه‌دا بوونیان هه‌یه، ئیتر هیچ پێویست ناكات هێزه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی دیجله بیه‌وێت باره‌گا له قه‌زاكه‌دا بكاته‌وه و ئه‌وان رازى نابن به‌بوونیان له سنووری خورماتوودا.
باس‌نیوز
