ئاوارەکردنی مەسیحییەکان زیان بە ژینگەی عێراق دەگەیەنێ
ماڵپەری (ئیلاف) لە راپۆرتێکدا چیرۆکی یەکێک لەو ناوچە مەسیحینشینانە دەگێڕێتەوە، کە شارۆچکەی (بەرتڵە)یە لە پارێزگای نەینەوا لە باکووری عێراق و نووسیویەتی: \"ئەوەی جێی سەرنج و سەرسورمانە، هەڵواسینی لافیتەیەکی گەورەی رێکخراوی (بەدر)ی عێراقە، کە شیعە مەزهەبەو هادی عامری، وەزیری گواستنەوەی عێراق سەرۆکایەتی دەکات، لە سەر شورەی کڵێسەیەک لە دەروازەی شارۆچکەی (بەرتڵە)ی مەسیحی نشین و تێیدا نووسراوە (ئێمە دۆستی بەرتڵەین)\"".
ماڵپەڕەکە زیاتر نووسیویەتی \""ئەو لافیتەیە، کە بەبۆنەی یادکردنەوەی کوژرانی ئیمامی حوسێنی کوڕی عەلی، کە دیارترین 12 ئیمامی شوێنکەوتووانی مەزهەبی شیعەیە، هەڵواسراوە، ئەو رووداوانەمان پێشان دەدات، کە دەکرێ لە ناوچەیەکی ئاشتیخوازی عێراق رووبدات، ئەو ناوچانەش ناوچەی مەسیحینشینەکانە، کە هەوڵی راگواستنەوەو نیشتەجێکردنی زۆرەملێ بەئامانجی تایەفەگەری بۆ خزمەتکردنی چەند لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکی دەردەخەن، چونکە تایەفەیەک لەهەوڵی نیشتەجێکردنی تاکەکانێتی لە شوێنی هاووڵاتیانی رەسەنی عێراق لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجی سیاسی\"".
دەرئەنجامەکانی دەرکردن و ئاوارەکردنی مەسیحییەکانی عێراق لەزێدی باوباپیرانیان، بە گوێرەی راپۆرتەکە \""دوو دەرکەوتەی لێدەکەوێتەوە، کە بریتین لە زیاتربوونی رووبەری بیابان لەو وڵاتە، بەو پێیەی ئەو هاووڵاتییە مەسیحیانە زەوییە کشتوکاڵییەکانیان دەفرۆشن و دواتر کڕیارەکان پشتگوێی دەخەن یان وەک لەوەڕ بۆ ئاژەڵ بەکاری دەهێنن و دەرکردنی هاووڵاتییە مەسیحییەکان لەزێدی رەسەنی خۆیان وەک شارۆچکەی بەرتڵە) بەهەر رێگەیەکی نایاسایی بێ، کە لەبەرامبەردا شیعە لە شوێنیان نیشتەجێ دەکرێ\"".
راپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات، کە \""شارۆچکەی بەرتڵە 30 ساڵ لەمەوبەر لە %100 شارێکی مەسیحینشین بوو، کەچی ئێستا مسوڵمانانی شیعە مەزهەب لە %60 دانیشتوانی شارۆچکەکە پێکدەهێنن، لەکاتێکدا ئەو شیعانە رێگە لە دانیشتوانی مەسیحی شارۆچکەکە دەگرن یادی بۆنە ئایینی و نەتەوەییەکانیان بکەنەوە، گەر هاوکات بن لەگەڵ بۆنە ماتەمینییەکانی مەزهەبی شیعە\"".
رووداو"
