نوێنهریێكی كورد: پێویسته ئۆپهراسیۆنى دیجلە پاشەکشە بکات و هێزى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر بۆ کەرکوک دروست بکرێت
ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، ئەشواق جاف، بە ئاژانسى ههواڵی پهیامنێری راگەیاند: رووداوى هەڵکوتانە سەر دەزگاى هەواڵگیرى عێراق لەکەرکوک سەلماندى فەرماندەى ئۆپهراسیۆنەکانى دیجلە پێویستە هەڵبوەشێنەوە یاخود لانى کەم پاشەکشە بکەن چونکە نەیتوانیوە بەرەنگارى تیرۆر بێتەوە، دۆسیەى ئەمنی پارێزگاى کەرکوک رادەستى هێزی ئاسایش و پۆلیسى کەرکوک بکرێ و ئەو هێزەش رێکبخرێتەوە، پاراستنى ناوخۆى پارێزگاکان و بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر لەرێى پلانێکى ئەمنى تۆکمە، زانیارى هەواڵگیرى، دابینکردنى ئامێرى پێویست بەتایبەت ئامێرى ئاشکراکردنى تەقەمەنی.
باسى لەوەش کرد: کردە تیرۆریستییەکەى کەرکوک دواى ئەوە هات کە خورماتوو داواى کرد بگەڕێتەوە بۆ کەرکوک، تا لەم رێیەوە ئەو پەیامە بگەیەنن کە دەزگا و لایەنە پەیوەندارەکانى کەرکوک ناتوانن هاوڵاتیانیان بپارێزن.
لەبارەى پێویستى پارێزگاکە بەهێزى دیکە گوتى: هێزى دژە تیرۆرى کوردستان بەردەوامە لەخزمەتى سەلامەتیدا بوونە بۆ کردەکەى ئەمجارەش بەتەنگ کەرکوکەوە هاتن، داواکارم لەبەرپرسانى پەیوەندار هێزێکى راهێنراو بەناوى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر تایبەت بۆ پارێزگاى کەرکوک دروست بکەن تا بەشێوەیەکى وریایانە و دەمودەست بەرەنگارى تیرۆریستان ببنەوە و ژیان و گوزەرانى هاوڵاتیانى پارێزگاکە بپارێزن.
روونیكردهوه: ئەو تیرۆریستانەى پلانیان دانابوو بۆ تێکدانى ئاسایشى کەرکوک ئەوانە هەرچەندە پلانەکانیان بەهێزە بەڵام لەخەیاڵدا دەژین چونکە دەزگا ئەمنییەکانى کەرکوک پلانى تۆکمە و بەهێزیان هەیە، بەتایبەت فەرماندەیەکى وەک عەمید سەرحەد قادر و پۆلیسەکانى قەزاوناحیەکانى کەرکوک رۆڵێکى گرنگیان هەبووە لەپێشتر و لەئێستادا لەبەرەنگاربوونەوەى تیرۆریستان.
ئهشواق جاف ئاماژهی بهوهشدا: داواکارم دۆسیەى ئەمنى پارێزگاى کەرکوک بدرێ بەهێزى ناوخۆ لەگەڵ ئەوەشدا ریزەکانى هێزى ناوخۆ رێکبخرێ، دەبێتە هۆى دروستبوونى پەیوەندییەکى بەهێز لەنێوان ئەو هێزانە لەو رێبەشەوە زانیارییە هەواڵگیریەکانیان بەهێزتر دەبێ و ئاگادارى کارى یەکتر دەبن.
ئهوهشی خستهروو: چەند جارێک چەند کەسایەتى یا لایەنى پەیوەندار رەخنەیان گرتووە لەئەداى هێزەکانى ناوخۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆریستان، جارێکى دیکە رێگە بەوانە نەدرێ کە رەخنە لەهێزەکانى ناوخۆى کەرکوک بگیرێ، بەو هۆیەى هێزەکانى ناوخۆ هاوڵاتیان دەپارێزێ و بەرەنگارى تیرۆریستان دەبێتەوە.
جەختى لەوەش کردەوە: ئامانجى هەرە گەورەى تیرۆریستان ئەوەیە کێشە دروست بکەن لەنێوان پێکهاتەکانى کەرکوک بەو هۆیەى فرە پێکهاتەیە و وەکو برا چەندین ساڵە پێکەوە دەژین، پێشتریش بەعس هەمان هەنگاوى دەنا بۆ تێکدانى برایەتى لەکەرکوکدا بۆیە پێویستە هەموولا ئەو برایەتیەیان بپارێزن و یارمەتیدەرى هێزەکانى ناوخۆ بن، چونکە دەبینین ئەو هێزە بەردەوام سوورە لەسەر ناوبردنى تیرۆریستان و تیرۆریستانیش ئەوانیان بۆ چەندین جار کردووەتە ئامانج.
لەهێرشى تیرۆریستاندا رۆژى 4ى تشرینى یەکەمى 2013 بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتی دەزگای هەواڵگری کەرکوک، شەڕوپێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنیەکانى ئەو شارە 115 کەس بوونە قوربانى.
