ئەشواق جاف: ئەگەر زۆرە هەمان سیناریۆى ساڵى رابردوو لەبودجەى عێراقدا بۆ کورد دروست بکەنەوە

ئەشواق جاف: ئەگەر زۆرە هەمان سیناریۆى ساڵى رابردوو لەبودجەى عێراقدا بۆ کورد دروست بکەنەوە
نوێنەرێکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لەهاوپەیمانى کوردستان، رایگەیاند، پێویستە کورد پەلە بکات لەرێى لیژنەکانى نێوان خۆى و بەغدا تا پێش گەیشتنى بودجە بۆ پەرلەمان، لەگەڵ بەغدا بگەنە رێکەوتن بۆ ئەوەى لەبودجەى عێراقدا کۆسپ و فشار بۆ کورد دروست نەکەن.

ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لەهاوپەیمانى کوردستان، د.ئەشواق جاف، بە پەیامنێرى راگەیاند: \"داواکارم لەو لیژنەکان کە لەدواى دواترین رێکەوتننامەى نێوان هەردوو سەرۆکوەزیرانى حکوومەتى ناوەند و حکوومەتى عێراق پێکهاتن، کارى خۆیان بکەن بۆ چارەسەرى ئەو کێشە هەڵواسراوانەى نێوان هەرێم و بەغدا تا پێَش ئەوەى بودجەى 2014 عێراق بێتە پەرلەمانی ناوەند، کێشە بۆ بەشى هەرێم دروست نەکات\"".

ئەوەشى گوت، هۆکارى داواکارییەکەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى بەهۆى نزیکبوونەوەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ئەگەرى زۆر هەیە بودجەى پێشمەرگە و قەرەبووى کەسوکارى زیانلێکەوتوانى دەستى رژێم و ماددەى 140 و پارەى کۆمپانیا نەوتییەکان، بکرێنە کارتى فشار بەرامبەر بەهەرێمی کوردستان.

ئاماژەى بەوە کرد، دواى شکست هێنانى کاربەدەستانى بەغداد لەدابینکردنى ئاسایش و پێشکەش نەکردنى کەمترین خزمەتگوزارى بینیمان لەساڵى رابردوودا بەشە بودجەى هەرێم کەلەسەدا 17ى بودجەى عێراقە کردیانە کارتى فشارى سیاسى بەرامبەر بەکورد بۆ پڕوپاگەندەى هەڵبژاردن.


جەختى کردەوە، پێویستە لەسەر کورد بۆ ئەوەى سیناریۆى ساڵى رابردوو بەرامبەر بەکورد دووبارە نەبێتەوە لەبودجەى عێراقدا پێویستە ئەو لیژنانەى نێوان هەرێم و بەغداد کارى جددى خۆیان بکەن، پێش ئەوەى بودجەى عێراق لەحکوومەتەوە بگاتە پەرلەمانى عێراق، ئەویش بەوهۆیەى کورد بە58 دەنگەوە ناتوانێ رێگر ببێ بەرامبەر بەو دەنگە زۆرەى دژى کورد، کەهەموو ساڵێ 3 کارتى فشار بەرامبەر بەکورد بەکار دەهێنرێ ئەوانیش ماددەى 140، پێشمەرگە، بەشى کورد لەبودجەى عێراق.

\""لەساڵى 2007ەوە تا ئێستا حکوومەتى عیراقى بڕى 7 تریلیۆن دینار قەرزارى پێشمەرگەیە، ئەمە جگە لە قەرزارى بابەتى ئەو کۆمپانیا نەوتیانەى لەهەرێمى کوردستان کار دەکەن، پێویستیشە لەسەر حکوومەتى عێراق پەلەبکات لەزیادکردنى بودجەى ماددەى 140ى عێراق تاوەکو قۆناغى یەکەمى ئەو ماددەیە جێبەجێ بکرێ\"" ئەو ئەندامە کوردە واى گوت.

پتر گوتى، دواترین رێکەوتنى نێوان حکوومەتى ناوەندى و حکوومەتى هەرێمى کوردستان باشترین رێگەچارەن بۆ ئەوەى ئەو کێشە هەڵواسراوانەى لەنێوان هەردوولادا هەیە لەرێى لیژنەى هاوبەشەوە چارەسەر ببن و کۆسپیش بۆ بودجەى 2014 دروست نەکرێت."
Top