هاوپەیمانیی كوردستان :رەنگە ئەمساڵیش بەبێ رەزامەندیی كورد بودجەی عێراق تێپەڕێنرێت
هەرچەندە بەپێی یاسا دەبێ پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵیی عێراق لە مانگی تشرینی دووەمدا رەوانەی پەرلەمان بكرێ، بەڵام تا ئێستا پرۆژەی ئەو بودجەیە كە بە 174 ترلیۆن دینار (نزیكەی 150 ملیار دۆلار) خەمڵێنراوەو بە گەورەترین بودجە دادەنرێ لە مێژووی عێراقدا، رەوانەی پەرلەمان نەكراوە.
موئەیەد تەیب، گوتەبێژی هاوپەیمانیی كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق بە(رووداو)ی راگەیاند:\"ئەمساڵیش هاوپەیمانیی كوردستانی بڕیاری داوە وەكو ساڵانی رابردوو وەزیرە كوردەكان راسپێرێ بۆ فشار خستنە سەر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ رێككەوتن لەسەر خاڵە ناكۆكی لەسەرەكانی نێو بودجە پێش رەوانەكردنی بۆ پەرلەمانی عێراق\"". گوتیشی \""هیچ رێگەیەكمان جگە لە بایكۆتكردنی پەرلەمان و حكومەتی عێراق لە پێش نییە بۆ بەكارهێنانی وەك كارتی فشار و رێگەگرتن لە ئەگەری تێپەڕاندنی بودجەی فیدراڵی 2014 بەبێ رەزامەندی كورد، بەڵام پێگەی ئێستای كورد لەگەڵ ساڵی رابردوو جیاوازە، بەوپێیەی هەرێمی كوردستان ئێستا خاوەنی بۆڕی خۆیەتی بۆ هەناردەكردنی نەوت\"".
گوتیشی \""كورد تێبینی لەسەر بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2014 هەیە، بەڵام ئەو تێبینیانە هۆكاری دواكەوتنی بودجە نین، لەبەرامبەردا پێشبینی دەكرێ هەندێك لە لایەنە عێراقییەكان هاوشێوەی ساڵی رابردوو داوای كەمكردنەوەی پشكی كورد بكەن لە بودجەی 2014، بۆ بەكارهێنانی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێی عێراق كە بڕیارە لە كۆتایی مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێ، ئەمە جگە لە كێشەی خەرجییە سیادییەكان كە بەشێكی گەورەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی دەبات\"".
بەپێی وەزارەتی پلاندانان، رێژەی كورد لە عێراق 15% و بەپێی وەزارەتی بازرگانیش ئەو رێژەیە 13%یە.
گوتەبێژی هاوپەیمانیی كوردستانی لە بەغدا ئاماژەی بەوە دا كە وێڕای ئەو جیاوازییە لە داتاكانی وەزارەتی پلاندان و وەزارەتی بازرگانی سەبارەت بە رێژەی كورد، \""بەڵام ئەو داتایانە هیچیان دروست نین و ناكرێ پشتیان پێ ببەسترێ، بەو پێیەی جیاوازی نێوانیان نزیكەی ملیۆنێك و 300 هەزار كەسە، ئەمە جگە لەوەی ئەو داتایانە بەپشتبەستن بە هیچ سەرژمێرییەك و توێژینەوەیەكی دروست ئامادە نەكراون، پێشوەخت هەولێر و بەغداش رێككەوتوون كە تا كاتی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە عێراق و هەرێمی كوردستان پشكی كورد لە بودجەی فیدراڵی ساڵانە بە 17% بمێنێتەوە\"".
موئەیەد تەیب پێیوایە حكومەتی عێراق ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی رابردوو بودجەی پێشمەرگەو كرێدەستی كۆمپانیاكانی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان خەرج ناكات.
شەهرستانی داوای بڕینی بەشێك لە بودجەی هەرێمی كوردستان دەكات
فازڵ نەبی، بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق لای خۆیەوە بە (رووداو)ی راگەیاند كە كێشە لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە هەیە.
فازڵ نەبی، گوتیشی \""حوسێن شەهرستانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە بە فەرمی داوای بڕینی بەشێك لە پشكی هەرێمی كوردستان دەكات لە بودجەی فیدراڵی ساڵی 2014، بەبیانووی ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان داهاتی ساڵی 2012ی نەوتی هەناردەكراوی رەوانەی حكومەتی عێراق نەكردووە\"".
بەڵام پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا دەڵێ عێراق بە زیاتر لە 12 ترلیۆن دینار قەرزاری هەرێمی كوردستانە.
نەجیبە نەجیب، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە(رووداو)ی راگەیاند: \""دیارترین كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لە بارەی بودجەوە خۆی لە كرێدەستی كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت و بودجەی پێشمەرگە دەبینێتەوە كە ناوی (موستەحەقات)ی لێنراوە، بەوپێیەش بە قەرز لەسەر حكومەتی عێراق هەژمار دەكرێ، لە كاتێكدا قەبارەی كرێدەستی كۆمپانیا بیانییەكان لە ساڵی 2008ەوە بۆ ساڵی 2013 بە پێنج ملیار و 300 ملیۆن دۆلار دیاری كراوە، ئەمە جگە لە كرێدەستی ئەو كۆمپانیانە لە ساڵی 2014 كە هێشتا ئاشكرا نەكراوە\"".
گوتیشی \""لە كۆتایی ساڵی 2012 حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق گەیشتنە رێككەوتنێك لەسەر میكانیزمی پێدانی كرێدەستی كۆمپانیاكانی نەوت لەلایەن بەغداوەو لە بەرامبەردا هەرێمی كوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی خاو هەناردەی دەرەوە دەكات و داهاتەكەی رادەستی بەغدا دەكات، بەڵام نە بەغدا ئەو موستەحەقاتەی بۆ كۆمپانیاكان خەرج كرد و نە هەولێریش ئەو بڕە نەوتەی هەناردە كرد\"".
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت \""هەرچەندە هێزی پێشمەرگە كە بەپێی یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق لە ساڵی 2007وە تاوەكو ساڵی 2013 بە بەشێك لە سیستمی بەرگری عێراق هەژماركراوەو دەبێ وەزارەتی بەرگری عێراق لە بودجەی ساڵانەی خۆی پێداویستی و مووچەی پێشمەرگە خەرج بكات، بەڵام ئەو بودجەیە كە كۆبووەتەوە و بە 7 ترلیۆن دینار دەخەمڵێنرێ تا ئێستا بۆ پێشمەرگە خەرج نەكراوە\"".
وردەكاری پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2014ی عێراق
قەبارەی خەمڵێنراو (174) ترلیۆن دینار
پشكی ئاسایش و بەرگری (22) ترلیۆن دینار
پشكی كەرتی وزە (38) ترلیۆن دینار
پشكی كەرتی كارەبا (11) ترلیۆن دینار
پشكی كەرتی بازرگانی (7) ترلیۆن دینار
پشكی بەشەخۆراكی مانگانە (5) ترلیۆن دینار
پشكی كەرتی وەبەرهێنان (62.85) ترلیۆن دینار
كورتهێنانی پێشبینی كراو (27) ترلیۆن دینار
رووداو "
