كۆمیسیۆن هەزار تیمی گەڕۆك پێكدەهێنێت بۆ نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران
میقداد شەریفی، ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق و سەرۆکی فەرمانگەی هەڵبژاردن لە کۆمیسیۆن رایگەیاند هەزار تیمی گەڕۆكیان لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكە دروستكردووە بۆ نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران.
ئەو هەنگاوەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، دوای خەمساردی و گرنگینەدانی هاووڵاتییان دێت لە نوێكردنەوە و تۆماركردنی ناوەكانیان، بەتایبەتی لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، ئەمەش دوای ئەوەی چەند رۆژی رابردوو میقداد شەریفی، سەرۆكی بازنەی هەڵبژاردنەكانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی چەند ئامارێكی لەوبارەیەوە ئاشكراكرد.
سەرۆکی فەرمانگەی هەڵبژاردن لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، باسی لە هەوڵەكانیان كرد بۆ ئەو مەبەستە و گوتی \"چەندین ناوەند بۆ راستكردنەوە و سەرلەنوێ تۆماركردنی دەنگەكان لە رۆژی 10/11/2013 كراونەتەوە، لەگەڵ كرانەوەی ئەو بنكانەشدا لە 20 كەناڵی ئاسمانی و رادیۆ و ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی بانگەشە كراوە بۆ ئەوەی هاونیشتمانیان ئاگادار بكرێنەوە\"".
لەبارەی دوایین هەوڵەكانیشیان، میقداد شەریفی گوتی \""دوایین هەوڵمان بۆ ئاگاداركردنەوی هاووڵاتیان بۆ تۆماركردن و نوێكردنەوەی ناوەكانیان، بانگەوازی مەرجەعە ئایینییەكان بووە بۆ هاندانیان تاوەكو ناوەكانیان راست بكەنەوە ئەگەر هەڵەیەك لە ناوەكانیاندا هەیە، یان سەرلەنوێ تۆماری بكەنەوە\"".
بڕیارە 30-4-2014 كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دوو هەڵبژاردن لە عێراق ئەنجام بدات، ئەوانیش هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانە.
رووداو"
