پاسەوانەکانی پارێزگاری بەغدا پەلاماری خالێکی پشکنین دەدەن
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا لە راگەیاندراوێکدا، کە وێنەیەکی گەیشتووەتە (رووداو)، رەتیدەکاتەوە عەلی تەمیمی، پارێزگاری بەغدا هەوڵی \""تیرۆر\""کردنی درابێت.
بەگوێرەی راگەیاندراوەکە بە پێچەوانەوە پاسەوانەکانی عەلی تەمیمی، پارێزگاری بەغدا لە رۆژهەڵاتی بەغدا پەلاماری خاڵێکی پشکنینیانداوە.
پێشتر هەندێ لە دەزگاکانی راگەیاندن بڵاویان کردەوە، کە 2 چەکدار تەقەیان لە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی پارێزگاری بەغدا کردووە، لەو کاتە لە ناوچەی بەلەدیات زیانلێکەوتوانی بارانبارینی ناوچەکەی بەسەر کردووەتەوە. دواتر دەرکەوتووە هەردوو چەکدارەکە پۆلسین و سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پاسەوانی کەسایەتییەکانن.
رووداو"
