ئەشواق جاف: لەنەبوونی خشتەیەکی تۆکمەدا، پەرلەمانتارانی عێراق دەستبەتاڵن
ئەندامی هاوپەیمانی کوردستانی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەشواق جاف، بەئاژانسی پەیامنێری ڕاگەیاند: لەسایەی نەبوونی خشتەیەکی تۆکمە لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، پەرلەمانتارەکان به دەستبەتاڵی زۆربەی کاتەکانیان لەکافتریای پەرلەمانی عێراق بەسەر دەبەن، ئەوە گاڵتەکردنە بەپەرلەمانتاران و گەلی عێراق.
ئەوەشی گوت، خشتەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان جێی ئەو پەڕی رەخنەیە، کەتەنیا پرۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی داهاتووی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوکی تێدایە، کەهەموویان دەزانن ئەمانە رێکەوتن لەسەر پرۆژەیاسای هەڵبژاردنی عێراق ناکرێ، بەردەوامین لەسەر یاسای خانەنشین، پەرلەمانتارەکان وا هەست دەکەن کەئەوە گاڵتەکردن بێ پێیان، پێویستە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خشتەیەکی پوخت دابنێ.
باسی لەوەش کرد، با پەرلەمانتاران لەسایەی خشتەیەکی بەهێزدا لەکۆبوونەوەکانی پەرلەماندا کار لەسەر یاسا گرنگەکان بکەن، و سەرۆکی بارتەکانیش سەرقاڵی گەیشتنە رێکەوتنێک بن لەبارەی ئەو بابەتانەی پێویستیان بە ڕ ێکەوتن هەیە لەوبارەیەوە، کارەکانی پەرلەمان بەیاسای هەڵبژاردنەکانەوە ئیفلیج نەبێ، پەرلەمانتارەکان کاتەکانیان زۆر گرنگە پێویستە بۆ گەلی عێراقی تەرخانی بکەن، نەک بێنە ناو بینای پەرلەمان و لەکافتریادا بێکار و دەست بەتاڵ دابنیشن.
جەختی لەوە کردەوە، ئەو رێکنەخستنی خشتەی کۆبوونەوانەی پەرلەمانتاران بەفیڕۆدەری کاتی پەرلەمانتارانە و گاڵتەکردنە بەمیللەت بەو هۆیەی پێویست بوو خشتەی کۆبوونەوەکان یاسا گرنگەکانی تێدا بێ بۆ ئەوەی بخرێنە رێوشوێنی یاسایی خۆییەوە، و دەنگی لەسەر بدرێ.
لەگرنگترین ئەو یاسایانەی پێویستە لەئێستادا کاری لەسەر بکەین یاساکانی حزبەکان، ئازادی گوزارشتکردن، قەرەبووکردنەوەی قوربانیان، یاسا گرنگەکانی دیکە کەپێویست بوو ئێمە کاری لەسەر بکەین بەوردی، بەڵام بەو شێوەیەی هەموو رۆژێک پەرلەمانتاران دەهێننە ناوپەرلەمان و تەنیا بۆ کارکردن لەسەر یەک بڕگەی یاسایی و دواتر لەکافتریا دابنیشین ئەوە بەگاڵتە و ستەم تێدەگەم لەپەرلەمانتاران و گەلی عێراق.
پتر گوتی، گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی سەرۆکی بارستە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق ناگەنە رێکەوتنێک لەبارەی پرۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێویستە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق خشتەیەکی تۆکمە دابرێژێ کەئەو یاسایانەی لەخۆ بگرێ کەپەیوەندی راستەوخۆیان هەیە بەژیانی هاوڵاتیانەوە.
