دوای گەڕانەوەی لە ئەمریكا مالیكی هۆشداریی دەداتە سعودییە
لە لێدوانێكیدا بۆ راگەیاندنەكان نوری مالیكی گوتی \'\'سعودییە و ئەو وڵاتانەی ئاگری سووریا خۆشدەكەن پریشكیان لەو ئاگرە بەردەكەوێت، چونكە ئەو چەكانەی دەدرێتە گرووپە چەكدارەكان دواتر روو لە خۆیان دەكرێتەوە و پاداشتی خۆیان وەردەگرن لەو هەموو خراپەكارییە\'\'.
سەرۆك وەزیرانی عێراق راشیگەیاند \"ئەو وڵاتانەی پشتگیریی گرووپە چەكدارەكانیان كردووە لە سووریا ئێستا بەشێوەیەك راستەوخۆ بەرهەمەكەی دەدوورنەوەو دۆخی ناوخۆییان بەرەو تێكچوون دەچێت، بۆیە ئامۆژگاریان دەكەین كە چارەسەری قەیرانی سووریا بە یارمەتیدانی جەبهتولنەسرە وقاعیدە چارەسەر ناكرێت، چونكە ئەو گرووپانە دواتر وەكو ڤایرۆسێك دێنە لەشی خۆیان\"".
پێشیوابوو دۆخی سووریا تەنها تایبەت نییە بە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتەوەو هەموو ناوچەكەی ئاڵۆزكردووە، جەختیشیكردەوە كە دۆخی ئەو وڵاتە بەتایبەتی كاریگەریی لەسەر عێراق جێهێشتووە.
مالیكی وای راگەیاند كە حكومەتی عێراق كۆتایی بە دۆسیەی ئەلقاعیدە هێناوەو گوتی \'\'لەبەر ئەوەی قاعیدە زوو لە عێراق تەشەنەی كرد و ئێمەش توانیمان زووتر چارەسەری بكەین و ئێستا دۆسیەی قاعیدە كۆتایی هاتووە\"".
نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق 29-10-2013 بەرەو ئەمریكا بەڕێكەوت و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆبووەوە. لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە كۆشكی سپی،جەختی لە هەنگاونان بەرەو دیموكراسی زیاتر كردەوەو رایگەیاند هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە وادەی دیاریكراوی خۆی، كە (30-4-2014)یە بەڕێوەدەچێتو جەختیشی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە عێراق كردەوە.
رووداو"
