توركیا بۆ عێراق: كێشەی سووریا مەكەنە پێوەری هەموو پەیوەندییەكان

 توركیا بۆ عێراق: كێشەی سووریا مەكەنە پێوەری هەموو پەیوەندییەكان
بەر لە جێهێشتنی توركیا بەرەو ئێران، ئوسامە نوجێفی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند \"بەلامانەوە گرنگە پەیوەندی باشمان هەبێت لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی ناوچەكە، بەتایبەتی ئێران و توركیا بۆئەوەی بتوانین ئەو ململانێ و بەریەككەوتنە تائیفییە بوەستێنین كە گەورەترین مەترسی لەسەر عێراق و هەموو ناوچەكە دروستكردووە\"".

نوجێفی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد لەگەڵ هەریەك لە ئێران و توركیا گفتوگۆی چەندین كێشەی سیاسی پەیوەنددار بە بواری ئاسایش دەكەن بۆ كەمكردنەوەی ئەو نائارامییەی كە ناوچەكەی گرتووەتەوە.

لە سەردانەكەیدا نوجێفی نامەیەكی تایبەتی سەرۆك وەزیرانی عێراقی گەیاندووەتە رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆك وەزیرانی توركیا و خواستی خۆی نیشانداوە بۆ كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێ و كۆتایی هێنان بە كێشەكانی نێوان هەردوو وڵات و هاوهەڵوێستی لە كێشەی سووریا.

ئەو هەنگاوەی عێراق بەرامبەر توركیا، دوای دیداری هۆشیار زێباری، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەحمەد داوود ئۆغلو، وەزیری دەرەوەی توركیا دێت، لە جنێف بۆ دانانی نەخشەرێگای پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات لەسەر بناخەی فراوانكردنی بازنەی بەرژەوەندی هەردوولا و دەستنەخستنە نێو كاروباری یەكدیكە.

پێشتر خزەیر خوزاعی، جێگری سەرۆك كۆماری عێراق سەرسوڕمانی خۆی دەربڕیبوو لەو سیاسەتەی توركیا پەیڕەوی دەكات بەرامبەر میسر و سووریا و دەستخستنە نێو كاروباری عێراقی بە سیاسەتی لەخۆباییبوون ناوبردبوو، راشیگەیاندبوو \""توركیا زەرەرمەندی یەكەمە لەو سیاسەتەدا\"".

لەبەرامبەریشدا ئەردۆگان لە نامەیەكدا بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئارەزووی توركیای نیشانداوە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندی هەردوولا بە جۆرێك دۆسییەكان تێكنەبەسترێنەوەو كێشەی سووریا نەكرێتە پێوەر بۆ هەموو پەیوەندییەكان.

سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هەروەها رایگەیاند سەردانی عەرەبستانی سعوودیەش دەكات بۆ هەمان مەبەست، چونكە باروودۆخی ناوچەكە سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت، ئەگەر بەرژەوەندی هاوبەشی هەموو لایەنەكان پارێزراو نەبێت.









رووداو"
Top