بەرپرسێکی پارێزگای سەلاحەدین لە تورکیا دەڕفێندرێت و بۆ ئازاد کردنی داوای دە ملیۆن دۆلار دەکەن
قایمقامی دووزخورماتوو \""شەلال عەبدول\"" تایبەت بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند: بەڕێوەبەری دەستەی وەبەرھێنانی پارێزگای سەڵاحەدین \""جەوھەر فەحل\"" کە بە ئەوس ناسراوە بە رەگەز عەرەبە، لەسەر بانگھێشتنامەیەک به مەبەستی بەشداری کردن لە گۆنگرەیەک، دوێنی لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێرەوە گەیشتۆتە وڵاتی تورکیا و لەناو فرۆکەخانەی تورکیا پێشوازیی لێکراوە و، پاشان دیارنەماوە و دوو موبایلیشی پێبووە ھەردوکیان داخراون.
شەلال عەبدول ئاماژەشی دا: پاش دیارنەمانی ناوبراو، ئەمڕۆ بەپێی ھەندێ زانیاری کە لە کەسوکارەکەیانەوە وەدەست کەوتووە، لەلایەن چەند کەسێکەوە لە ناوەوەی وڵاتی عێراق پەیوەندییان پێوەکراوە و رایانگەیاندووە کە جەوھەر فەحل لای ئەوانە و رفاندوویانە، بۆ ئازادکردنیشی داوای دە ملیۆن دۆلاریان کردووە.
قایمقامی دووزخورماتوو روونیشی کردەوە، ھەرچەندە بەڕێوەبەری دەستەی وەبەرھێنانی پارێزگای سەلاحەدین بە فەرمی بانگھێشتی وڵاتی تورکیا کراوە، بەڵام ئەو بانگھێشتمانەیە پیلان بووە بۆ رفاندنی.
بەپێی زانیارییەکان بەڕێوەبەری دەستەی وەبەرھێنانی پارێزگای سەلاحەدین لە کاتی گەیشتنی بۆ فرۆکەخانەی تورکیا، لەلایەن ئافرەتێکەوە پێشوازیی لێکراوە و پاشان دیارنەماوە و ئێستاش بۆ ئازادکردنی، حکومەتی عێراقی لێ ئاگادار کراوەتەوە."
