500 تا 1000 زیندانی لە گرتووخانەی ئەبوغرێب ڕایانكردووە

500 تا 1000 زیندانی لە گرتووخانەی ئەبوغرێب ڕایانكردووە
ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، حاكم زاملی ئاشكرای كرد كە پاش هێرشەكەی شەوی ڕابردوو، 500 تا 1000 زیندانی لە گرتووخانەی ئەبوغرێب ڕایانكردووە و زۆربەیشیان لە ڕێكخراوی قاعیدەن.

زاملی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا جەختی كردەوە لەوەی كە ئەوەی شەوی ڕابردوو ڕوویداوە و هێرش كراوەتە سەر گرتووخانەكانی ئەبوغرێب و تاجی، بابەتێكە ناشێت لێی بێدەنگ بن، چونكە وەك ئەو دەڵێت ئەوەی ڕوویداوە لە سۆماڵیش ڕوو نەداوە.

ڕوونی كردەوە، تیرۆریستان هێزە سەربازییەكانیان لە هەردوو كەرتی تاجی و ئەبوغرێب سەقاڵ كردووە و لە یەك كاتیشدا بووە، هەموو جۆرە چەك و تەقەمەنییان پێ بووە، ئەمەیشی بە بابەتێكی مەترسیدار وەسف كرد.

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری دەپرسێت، سەرۆكانی هەواڵگری كۆششی ئەوان كوا، كاتێك لە هێرشێكدا ئەمیر و سەركردەكانی قاعیدە ڕابكەن.

شیاوی ئاماژەیە كە شەوی ڕابردوو هێرش كرایە سەر هەردوو گرتووخانەكانی ئەبوغرێب و تاجی و بە هۆیەوە، 64 كەس بوونەتە قوربانی.
Top