عادل بەرواری: سەرۆک بارزانی کلیلی چارەسەری قەیرانی سیاسی عێراقە

عادل بەرواری: سەرۆک بارزانی کلیلی چارەسەری قەیرانی سیاسی عێراقە
26 شوبات / فه‌برایه‌ر 2013 (گوڵان میدیا)- راوێژکاری پێشوی نوری مالیکی بۆ کاروباری ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆkdp.info رایگەیاند: ئەمەریکا و ئەوروپا و تورکیا و ئێران ئەوانەی بەرژەوەندیان لە عێراق ھەیە، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی تاکە کەسێكە سەنگی ھەبێت لە گۆرەپانی سیاسی عێراق، بۆیە داوایان لێکردووە دەست پێشخەرییەک پێشکەش بکات بۆ کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق.

عادل بەرواری گوتیشی: لە سەرەتای پێکھێنانی حکوومەتی ئێستای عێراق ھەموو وڵاتانی ھەرێمی و نێودەولەتی ھەوڵیاندا لایەنەکان رازی بکەن حکوومەت پێکبێنن، بەڵام نەیانتوانی دواجار سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەست پێشخەرییەکی پێشکەش کرد و توانی لایەنەکان کۆبکاتەوە و حکوومەتێک بە بەشداری ھەموو لایەنەکان پێکبێت، بۆیە ئێستاش لایەنە ناوخۆییەکانی عێراق و ھەرێمی و ئەمەریکاش سەرۆک بارزانی بە تاکەکەس دەزانن بتوانێت قەیرانی سیاسی ئێستای عێراق چارەسەربکات.

بەرواری رونیشیکردەوە، تەنانەت سەرۆک عەشیرەتەکانی ئەنبار و رەوتی سەدرو ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی ماوەیەک پێش ئێستا سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کرد و داوایان لە سەرۆک بارزانی کرد دەست پێشخەرییەک پێشکەش بکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی ئێستای عێراق، لە بەرئەوەی دەزانن سەرۆك بارزانی خەمخۆری ھەموو عێراق نەک تەنیا ھەرێمی کوردستان، چونکە گەر ئەو قەیرانە وا بەردەوام بێت ئەگەری ھەیە وڵات بەرەو ئایندەیەکی نادیار بڕوات، بۆیە ئێستا سەرۆک بارزانی کلیلی چارەسەری قەیرانی سیاسی عێراقە.
Top