پەیوەندی راستەوخۆ لەنێوان تاڵەبانی و مالیكیدا نەماوە
د.رۆژ نوری شاوەیس، جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق، باسی هەوڵەكانی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە و لەوبارەوە بە (رووداو)ی راگەیاند “بڕیارە ئەمڕۆ (دووشەممە) شاندێكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە مەسەلەی سەربازی لە ناوچە دابڕێنراوەكان كۆببنەوە، تاوەكو بگەنە ئەنجام و بگەڕێنەوە بۆ رێككەوتنەكانی ساڵی 2009”. گوتیشی “ئەگەر نەگەینە ئەنجام، ئەوە هیچمان نەكردووە بە هیچ”.
رۆژی 22/11/2012، لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و بڕیاریاندا نامەیەك ئاراستەی لایەنە شیعەكان بكەن و تێیدا هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر سیاسەتەكانی مالیكی روونبكەنەوە.
د. رۆژ باسی وردەكارییەكانی نامەكەی كرد و گوتی: “نامەكە گوزارشت لە بۆچوونی تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكات”، گوتیشی “بڕیارە ئەمڕۆ نامەكە بگاتە دەست لایەنە سیاسییەكانی عێراق، لەوانەش هاوپەیمانیی نیشتمانی و مەرجەعە ئاینییەكانی شیعە لە عێراق”. جێگرە كوردەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەربارەی نێوەڕۆكی نامەكە دەڵێ “تێیدا باسكراوە كە پەیوەندی نێوان كورد و ناوەند چۆن دەبێ، چۆن پابەندی دەستوور دەبن و مافی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق بەپێی دەستوور لەم وڵاتەدا چییە”.
بەڵام بەرپرسێكی باڵای كورد لە بەغدا، كە لەبەر “هەستیاریی دۆخەكە” پێی باش نەبوو ناوی بڵاوبكرێتەوە، بەو هەوڵانە گەشبین نییە و هۆشداری دەدات كە مالیكی نیازی كێشانەوەی هێزەكانی نییە. لەوبارەوە بە (رووداو)ی راگەیاند “مالیكی ئەو هێزەی هێناوە بۆئەوەی لە ناوچە دابڕێندراوەكان بێتە پێشەوە و بڕیاریداوە نەگەڕێتەوە، تاوەكو ئەوەی بەدەستیهێناوە، ئیتر لەدەستی نەدات. دەیەوێ ئەمە بكاتە ئەمری واقیع و نییەتی باش نییە”. بەپێی قسەی ئەو بەرپرسەی كورد لە بەغدا “دەبێ كورد لەو مەترسییە ئاگاداربن”.
لەلایەكی دیكەوە، عەدنان موفتی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان دەقی هەڕەشەنامەیەكی تاڵەبانی بۆ فەرماندەی هێزی پیادەی عێراق ئاشكرا كردو گوتی كە هەڕەشەی لێكردووە بیداتە دادگا.
عەدنان موفتی لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) لەوبارەوە دەڵێ “رۆژی 19/11/2012 عەلی غێدان، فەرماندەی هێزی پیادە لە رێگەی نووسراوێك كە گشتێندراوە بۆ هەندێك هێز، فەرمانی پێكردوون چۆن جوڵە بكەن. مام جەلالیش یەكسەر پابەند بەو مادە دەستووریانەی دەسەڵاتیان پێداوە، نامەیەكی بۆ عەلی غێدان نارد و لە نامەكەدا پێیدەڵێ ئەو فەرمانەی دەرتكردووە نادەستوورییە، چونكە مادەی 67ی دەستووری عێراق دەڵێ نابێ سوپا دەست لەكاروباری سیاسی وەربدات بۆ یەكلاییكردنەوەی گیروگرفتەكان و جگە لەوە خۆشت شەرعی نیت، چونكە هەر فەرماندەیەك لەو ئاستەی تۆبێ، دەبێ لە پەرلەمان متمانە وەربگرێت، ئەوەشت نەكردووە، واتە تۆ دەسەڵاتی دەستووریت نییە. بۆیە مام جەلال لەو نامەیەدا داوایكردووە دەبێ دەستبەجێ نووسراوەكە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەگەرنا دەیداتە دادگا”.
لەبارەی ئەوەش كە بۆچی نامەكەی بۆ سەرۆك وەزیران نەناردووە بەو سیفەتەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە، عەدنان موفتی گوتی “مام جەلال كۆپییەكی ئەو نامەیەی بۆ نوری مالیكیش ناردووە”.
هەروەها عەدنان موفتی روونیكردەوە كە ئێستا پەیوەندی نێوان تاڵەبانی سەرۆك كۆمار و مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق نەماوە “بەڵام لە رێگەی ناراستەوخۆ هەیە”.
