ژمارەی ئەندامانی كۆمسیۆن بە 9 ئەندام مایەوە

ژمارەی ئەندامانی كۆمسیۆن بە 9 ئەندام مایەوە
13 ئەیلوول/سێپتێمبەر (گوڵان میدیا) ـ ئەمڕۆ پێنجشەم سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق راى گەیاند، پەرلەمانى عێراق لە 21مین دانیشتنى خۆیدا هەمواركردنی یاسای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی بە 9 ئەندام پەسند كرد.

سەعید رەسوول خۆشناو بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا هەمواركردنی یاسای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی بە 9 ئەندام پەسند كرد.

پێشتریش خۆشناو بۆ (ئاكانیوز)ی راگەیاندبوو كە كارنامەى ئەمڕۆی پەرلەمان كۆمەڵێك پڕۆژەیاساى گرینگی تێدایە و دەخرێنە دەنگدان بەو مەرجەی كۆدەنگیى بارستەكانیان لەسەر بێ، بەڵام شیمانە هەیە دەنگ لەسەر هەندێكیان نەدرێ.

خۆشناو گوتى، كارنامەكە برێتییە لە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساكانى، هەمواركردنى یاساى كۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكان، پڕۆژەیاساى گەیاندن و زانیاری، پڕۆژەیاساى لێبوردنى گشتی و پڕۆژەیاساى وەزارەتى زانست و تەكنولۆجیا.

پتر گوتى، هەروەها دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساى دادگەى فیدراڵیی پڕ مشتومڕ دەدا لەگەڵ پڕۆژەیاساى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەری.
Top