رۆژ نووری شاوێس: تەنگژەی سیاسیی عێراق مەترسیی گەورەی لەسەر وڵات دروست كردووە

رۆژ نووری شاوێس: تەنگژەی سیاسیی عێراق مەترسیی گەورەی لەسەر وڵات دروست كردووە
رۆژ نووری شاوێس جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)، ڕای دەگەیەنێ كە تەنگژەی سیاسیی ئێستەی عێراق بە بەراورد لەگەڵ تەنگژە و كێشەكانی پێشتر زۆر گەورە بووە، بە جۆرێك مەترسیی لەسەر هەموو عێراق دروست كردووە.

لەبارەی كۆنگرەی نیشتمانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق، شاوێس گوتی، بەر لە هەموو شتێك جارێ دیار نییە ناوەكەی چی دەبێ و لە گفتوگۆكردندایە، بەبۆچوونی من كۆنگرە دەبێ كاتێك بكرێ كە هەموو ئامادەكارییەكی بۆ ئەنجام درابێ، لە دۆخێكی وەك ئێستە كە عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێ و تەنگژەكە لە نێوان دوو بارستەی سەرەكییە لە كۆی 3 كوتلەی سەرەكی لە پەرلەمانی عێراق، پێشتر تەنگژە هەبووە و هەڵكشان و داشكانی بەخۆوە بینیوە، بەڵام ئەمەیان تەنگژەكە لە بەرزترین ئاستدا بووە بە بەراورد لە هەموو ئەو تەنگژانەی پێشتر هەبوون.

هەروەها گوتی تەنگژەكە زۆر گەورە بووە بە جۆرێك مەترسیی بۆ سەر هەموو عێراق دروست كردووە، نەك لە رێگەی كودەتاوە، بگرە لە رێگەی بەرپابوونی شەڕێكی تایفەیی یان ناوەخۆیی، بێ گومان بەرپابوونی شەڕێكی ناوەخۆییش وڵات وێران دەكا، ئەمەش مەبەستی هیچ لایەنێك نییە و بە تایبەتیش كورد، كورد هەوڵ دەدا عێراق بە پرۆسەیەكی دیموكراسیی ئاساییدا بڕوا كە ئەم وڵاتە بگەیەنێتە سیستەمێكی فیدراڵی راستەقینە و هەموو پێكهاتەكانی لەم سیستەمەدا هاوبەشی راستەقینە بن.

لەم تەنگژە گەورەیەی ئێستە لایەنەكان باسی دەكەن، دەبێ كێشەكان لێك جیا بكرێنەوە و پارچە پارچە بكرێن و كێشە بە كێشە چارەسەر بكەین بەر لەوەی ئەو كۆنگرە چاوەڕوانكراوە ببەسترێ، یانیش رێوشوێن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دابنرێ و لە كۆنگرەكەدا بڕیاری لەسەر بدرێ و پاشان كاری لەسەر بكرێ، بێ گومان بڕیاردانی چۆنیەتیی چارەسەركردنی كێشەكان و رێككەوتن لەسەر چارەسەركردنیان بەس نییە، چونكە ئەزموونی ئەم وڵاتە نیشانی داوە بەوەی پێشتر رێككەوتن و ئیمزای لەسەر كێشەكان دەكرێ و لە راگەیاندیشدا ریكلامی بۆ دەكرێ و هەموو لایەكیش دووپاتی دەكەنەوە كە پێوەی پابەندن، بەڵام لە دواییدا كاری لەسەر ناكەن.
Top