له دانیشتنی سبه‌ی په‌رله‌مان مالیكی كاندیده‌كانی پۆسته ئه‌منییه‌كان راده‌گه‌یه‌نێ
وته‌بێژی كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه ئاشكرای كرد سبه‌ی پێنج شه‌ممه سه‌رۆك وه‌زیران به فه‌رمی ناوی وه‌زیره ئه‌منییه‌كان راده‌گه‌یه‌نێت.
دوێنێ سێشه‌ممه وته‌بێژی كوتله‌ی ئه‌لعێراقیه مه‌یسون ده‌مه‌لوجی دووپاتی كرده‌وه له دانیشتنی سبه‌ی پێنج شه‌ممه سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نوری مالیكی كه ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه ده‌بێت ناوی وه‌زیره ئه‌منییه‌كان راده‌گه‌ینێت و ده‌ست ده‌كات به پێسپاردنی ئه‌ركه‌كانیان له پۆسته نوێیه‌كانیان. روونیشی كرده‌وه كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه هه‌ر یه‌ك له فه‌لاح نه‌قیب و موتعه‌ب عوبێدی و سالم دلی و هاشم ده‌راجی و به‌شاری ئه‌یوبی بۆ پۆستی وه‌زاره‌تی به‌رگری كاندید كردووه ئه‌و هه‌واڵ و ده‌نگۆیانه‌شی ره‌تكرده‌وه كه باس له كاندید كردنی موتعه‌ب عوبێدی ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌وه بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاره‌تی به‌رگری گوتی ئه‌وان وه‌كو ئه‌لعێراقییه پێنج كاندیدان پێشكه‌ش به سه‌رۆك وه‌زیران كردووه بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێكیان په‌سه‌ند بكات. سه‌باره‌ت به عوبێدی وته‌بێژی ئه‌لعێراقییه گوتی عوبێدی ته‌نیا یه‌كێكه له كاندیده‌كان و پێشتر فه‌رمانده‌ی فیرقه‌یه‌كی سوپای عێراقی بووه له سه‌رده‌می رژێمی پێشوو ئێستاش مامۆستای زانكۆیه له زانكۆی موسڵ.
له‌لای خۆشییه‌وه په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی نیشتمانی محه‌مه‌د سه‌عدون سه‌یهود رایگه‌یاند له دانیشتنی سبه‌ی پێنج شه‌ممه مالیكی دوو كاندید بۆ هه‌ر یه‌ك له وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و به‌رگری پێشكه‌شی په‌رله‌مان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی پۆسته‌كانیان پێبسپێردرێت.
جێی باسه به گوێره‌ی رێككه‌وتنی هه‌ولێری نێوان كوتله سیاسییه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق له سه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مسعود بارزانی پۆستی وه‌زاره‌تی به‌رگری ده‌بێته پشكی كوتله‌ی ئه‌لعێراقیه و پۆستی وه‌زاره‌تی ناوخۆش ده‌بێته به‌شی هاوپه‌یمانی نیشتمانی له‌م نێوه‌نده‌شدا كورد داوای پۆستێكی دیكه‌ی ئه‌منی ده‌كات له ناویشیاندا پۆستی سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری نیشتمانی.
المواطن نیوز
