مالیكی و مێلگه‌رت جێگیربوونی هێزی پێشمه‌رگه له كه‌ركوك تاوتوێ ده‌كه‌ن
هه‌ر یه‌ك له سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نوری مالیكی و نوێنه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق ئاد مێلگه‌رت دوا رووداو و پێشهاته سیاسییه‌كانی گۆرِهپانی عێراقی تاوتوێ ده‌كه‌ن.
له‌مباره‌یه‌وه سه‌رچاوه‌یه‌ك له ئهننجوومهنی وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند دوێنێ یه‌كشه‌ممه سه‌رۆك وه‌زیران نوری مالیكی پێشوازی له نوێنه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق ئاد مێلگه‌رت كرد، له دیدارێكی نێوانیانیاندا هه‌ردوولا تاوتوێی چه‌ند پرسی و ته‌وه‌رێكی تایبه‌ت به بارودۆخی ئه‌منی و سیاسی و دوا پێشهات و گۆرِانكارییهكانی عێراقیان كرد، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه روونیشی كرده‌وه له به‌شێكی چاوپێكه‌وتنه‌دا مالیكی و مێلگه‌رت تاوتوێی جێگیربوونی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیان له شاری كه‌ركوك كرد، مێلگه‌رت جه‌ختیشی له سه‌ر ئه‌وه كردۆته‌وه كه كه‌ركوك شاری به یه‌كه‌وه ژیانی ئاشتیانه‌ی نێوان پێكهاته جیاوازهكانییهتی به‌و پێیه‌ی نمونه‌یه‌كی بچووككراوه‌ی عێراقه بۆیه له سه‌ر هه‌موو لایه‌ك پێویست ژیانی ئاشتیانه‌ی شاره‌كه بپارێزن و رێز له هه‌موو پێكهاته‌و ئایین و ئایینزا جیاوازه‌كان بگیردرێ، هه‌روه‌كو مێلگه‌رت به پێویستیشی زانی ئه‌و كێشه‌و ته‌نگژانه‌ی له كه‌ركوك رووده‌ده‌ن به‌هۆی جێگیر بوونی هێزی پێشمه‌رگه پێویسته به هێمنی و له رێگه‌ی دیالۆگه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێن.
له‌لای خۆشیه‌وه سه‌رۆك وه‌زیران نوری مالیكی دووپاتی له سه‌ر ئه‌وه كردۆته‌وه كه حكومه‌ته‌كه‌ی سووره له سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی پرسه هه‌ڵواسراوه‌كان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندیان به كه‌ركوكه‌وه هه‌یه ئه‌مه‌ش له میانی زه‌مین خۆشكردنی له یه‌كگه‌یشتن و دانووستان و گفتوگۆی نێوان هه‌موو لایه‌ن و پێكهاته‌كان.
جێی باسه له‌وه‌ته‌ی 25 ی مانگی رابردووه‌وه هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له ناوچه‌كانی ده‌ورو به‌ری كه‌ركوك جێگیر بووه بۆ رێگه‌گرتن له هه‌ر هه‌وڵێكی كۆنه‌و به‌عسی و عه‌ره‌به شۆڤێنییه‌كان و چه‌كدارانی سوپای نه‌قشبه‌ندی كه ئامانجیانه به سه‌ر كه‌ركوك دابده‌ن و هێزو پارته كوردیه‌كانیش له شاره‌كه ده‌ربكه‌ن.
سه‌رچاوه: وكاله الاخباریه للانباء
