عێراقییە رێگەیان نەدا كورد راپۆرتى خۆى لەبارەى كەركووك بخوێنێتەوە

عێراقییە رێگەیان نەدا كورد راپۆرتى خۆى لەبارەى كەركووك بخوێنێتەوە
ئەندامێكی تەبایی كوردستانییەكان لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق راى گەیاند، بەهۆى رێگریی پەرلەمانتارانى كەركووكى لیستی عێراقییە لە خوێندنەوەى راپۆرتى تەباییەكە لەبارەى دۆخى كەركووك، دانیشتنەكەى ئەمڕۆى پەرلەمانى عێراق بۆ شەمووى داهاتوو دواخرا.

سەعید رەسوول خۆشناو بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، لە كاتى خوێندنەوەى راپۆرتێك لەلایەن خالید شوانى پەرلەمانتارى عێراق لە تەبایی بارستە كوردستانییەكان، لەبارەى دۆخى ئەم دواییەى كەركووك، كە كۆمەڵێك دیكۆمێنتی دەنگیی و ڕەنگى تێدا بوو، پەرلەمانتارانى لیستی عێراقییە لە كەركووك، رێگەیان نەدا راپۆرتەكەى تەواو بكات و نەئارامیان دروست كرد و ئوسامە نوجێفی ناچار بوو دانیشتنەكە بۆ شەمووى داهاتوو دوابخات.

خۆشناو گوتى، سەرەتا ئەرشەد ساڵحی ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە لیستی عێراقییە كە لە نەتەوەى توركمانە، راپۆرتێكی لەبارەى كەركووك خوێندنەوە و كۆمەڵێك شتی نالەبارى لەبارەى هاتنى پێشمەرگە دۆخى كەركووك خستە ڕوو، ئێمە تێبینی زۆرمان لەسەر هەبوو، بەڵام بۆ ئەوەى دۆخەكە تێك نەچێ، ئێمە دەنگمان نەكرد.

زیاتر گوتى، بەڵام لە كاتى خوێندنەوەى راپۆرتەكەى شوانى، ئەوان ئەو هەرایەیان پەرپا كرد و تێكهەڵچوونیان دروست كرد، بۆیە سەرۆكى پەرلەمان دانیتشنەكەى بۆ شەمووى داهاتوو 12ى ئەم مانگە دوا خست.
Top