ده‌سته‌یه‌ك و پێگه‌یه‌كی ئه‌لكترۆنی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئاو له عیراق و هه‌رێم داده‌مه‌زرێت
عه‌لی ره‌شید خۆشناو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكومه‌تی هه‌رێم و شاره‌زا له‌بواری سه‌رچاوه‌كانی ئاو پێی راگه‌یاندین: له‌كۆتایی مانگی رابردوودا رێكخراوی (ئه‌گیف) ی ئه‌ڵمانی كه باره‌گای سه‌ره‌كی له‌شاری هه‌ولێره هه‌ستا به سازكردنی كۆنفرانسێك له وڵاتی سوریا له‌سه‌ر چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردن و لێكتێگه‌یشتن له‌ڕووی سه‌رچاوه‌كانی ئاوی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌وه‌بوو كۆنفرانسه‌كه به به‌شداری 50 پسپۆڕ‌و شاره‌زای بواری سه‌رچاوه‌كانی ئاو و گفتوگۆكردن له‌سه‌ر 40 ته‌وه‌ری تایبه‌ت به سه‌رچاوه‌كانی ئاو ده‌ستی به كاره‌كانی خۆی كرد، ئێمه‌ش 3 كه‌س وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێم و عیراقی فیدڕاڵ به‌شداریمان له‌و كۆنفرانسه‌دا كرد.
وتیشی: به‌شێكی ته‌وه‌ره‌كانی كۆنفرانسه‌كه تایبه‌ت بوو به كێشه‌و گرفته‌كانی ئاوی هه‌ردوو زێی دیجله‌و فوڕات كه هاوبه‌شه له‌نێوان هه‌ر سێ وڵاتی عیراق و توركیا‌و سوریادا بۆ چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی ئاوی ئه‌م 2 زێیه به‌باشترین شێوه له‌نێوان ئه‌م 3 وڵاته‌دا، ئێمه له‌و كۆنفرانسه‌دا جه‌ختمان له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك كرده‌وه، له‌وانه خستنه‌ڕوو زانیارییه‌كانی ئاو به‌شێوه‌یه‌كی دروست و شه‌فافانه له‌ڕووی زانیاری ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌كانی ئاو و سود وه‌رگرتن له‌ئاوی هه‌ردوو زێی دیجله‌و فوڕات به‌شێوه‌یه‌كی هاوبه‌ش كه له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ر 3 وڵات‌دا بێت و باسیشمان له‌وه‌كرد كه پێویسته به‌ڕێوه‌بردنی ئاو به‌شێوه‌یه‌كی رێك‌وپێك و زانستییانه ئه‌نجامبدرێت.
- نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوی ئه‌گیف سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌كه ده‌كه‌ن
ناوبراو وتیشی: له‌و كۆنفرانسه‌دا ئێمه جه‌ختمان له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ده‌سته‌یه‌كی باڵای ته‌كنیكی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئاو له‌هه‌ر سێ وڵاتی عیراق و سوریا‌و توركیا به به‌شداری رێكخراوی ئه‌گیفی وڵاتی ئه‌ڵمانیاو نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كرده‌وه، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه ببێته پرۆتۆكۆلێك له‌نێوانماندا بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو كێشه‌كانمان له داهاتوو، هه‌روه‌ها له‌و كۆنفرانسه‌دا ئێمه وه‌كو نوێنه‌ری هه‌رسێ وڵات ئاماژه‌مان به شه‌فافیه‌تكردنی خستنه‌ڕووی پڕۆژه‌كانی هایدرۆلۆجی و زانیارییه‌كانی ئاو كرده‌وه له‌ڕووی پڕۆژه پیشه‌سازی و كشتوكاڵییه‌كانه‌وه بۆئه‌وه‌ی بتوانین رۆڵی خۆمانی له به‌ڕێوه‌بردنی ئاو به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه له ناوچه‌كه‌دا ببینین.
- پێگه‌یه‌كی ئه‌لكترۆنی بۆ خستنه‌ڕووی پڕۆژه‌كانی ئاو
راشیگه‌یاند: هه‌ر له‌كۆنفرانسه‌كه‌دا پێشنیاری ئه‌وه‌مان كرد كه له‌هه‌ر سێ وڵات‌دا پێگه‌یه‌كی ئه‌لكترۆنی تایبه‌ت به‌و مه‌سه‌له‌یه به‌ناوی (ویت) دابمه‌زرێنین كه رێكخراوی (ئه‌گیف) ی ئه‌ڵمانی به‌م كاره هه‌ستاوه‌و 3 لینكی عیراق و سوریا‌و توركیای تێدا ده‌بێت، بۆئه‌وه‌ی هه‌ر وڵاتێمان بتوانین له لینكی تایبه‌ت به‌خۆی زانیاری و داتاكانی تایبه‌ت به پڕۆژه‌كانی ئاو بخه‌ینه‌ڕوو، بۆیه ئێستا ئێمه له‌خۆ ئاماده كردنداین بۆ دامه‌زراندنی ئه‌م پێگه ئه‌لكترۆنییه، هه‌روه‌ها بڕیاریشه لایه‌نی سوریا یاداشتێك ئاڕاسته‌ی گشت وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كان بكات بۆئه‌وه‌ی زانیاری و داتاكانی تایبه‌ت به پڕۆژه‌كانی ئاو له‌م پێگه ئه‌لكترۆنییه‌دا بخه‌نه‌ڕوو.
بڕیاریشه كۆنفرانسی داهاتوو له‌وڵاتی سوریا‌و ئه‌وی تریشیان له‌وڵاتی عیراق بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ببه‌سترێت.
