ئەنجوومەنى نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ مێوانداریی نووری مالیكی دەكات

ئەنجوومەنى نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ مێوانداریی نووری مالیكی دەكات
ئەمڕۆ پێنجشەم پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانیی نیشتمانى راى گەیاند پەرلەمانى عێراق لە دانیشتنى ئەمڕۆیدا مێوانداریی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق و جێگرەكانى بۆ كاروبارى خزمەتگوزاری دەكات، بەمەبەستی تاوتوێكردنى خۆپێشاندانەكانى ئەم دواییە و پلانى حكوومەت بۆ دابینكردنى خزمەتگوزارییەكان.

سەعد مەتڵەبی رایگەیاند، ئەنجوومەنى نوێنەران ئەمڕۆ مێواندارایى مالیكی دەكات بۆ تاوتوێكردنى پرسی خۆپێشاندانەكانى ئەم دوایییەى شارەكانى عێراق، روونى كردەوە پەرلەمان دەیەوێ لە نێزیكەوە لە پلانى حكوومەتى ئاگەداربێ لەهەمبەر دابینكردنى خزمەتگوزارییەكان لە ماوەى 100 رۆژدا.

هەینی رابردوو جارێكی خۆپێشاندان بۆ دووەم هەینی لەسەر یەك لە بەغدا و هەندێك لە شارەكانى ترى عێراق دەستی پێ كردوەوە، سەرەڕاى ئەوەى كە حكوومەت بەرنامەیەكی چاكسازیی بۆ هێوركردنەوەى دۆخی وڵاتى راگەیاند.

مەتڵەبی روونى كردەوە، مالیكی لە دانیشتنى ئەمڕۆدا داوا لە پەرلەمان دەكات، پەلە لە پەسندكردنی بڕیارە گرینگەكان بكات كە تەكان بەكاروانى بنیاتنان و دابنیكردنى خزمەتگوزارییەكان دەدات، سەرنجیشی دا، ئەنجوومەنى نوێنەران تا ئێستە سەركەوتوو نەبووە لە پەسندكردنى یاساكان.

لە 5ى مانگى رابردووەوە ژمارەیەك لە شارەكانى عێراق خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییان لە دژی حكوومەت بەخۆیەوە بینی و هەینی پێش رابردوو ناڕەزایەتییەكان ئاراستەى توندوتیژیان بەخۆیەوە بینی و بووە هۆى كوشتنى 10 كەس.

خۆپێشاندەران داواى بنبڕكردنى گەندەڵی و چاككردنى خزمەتگوزارییەكان و زیادكردنى بڕی كارەبا و گەیاندنى بابەتەكاتنى پسوولەى خۆراك و چارەسەركردنێكی سەركەوتوو بۆ بێكارى و لادانى هەندێك لە پارێزگارەكان و هەڵوەشاندنەوەى هەندێك ئەنجوومەنى پارێزگە.

دوا بەدواى ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییە، حكوومەتى عێراقی هەوڵی هێوركردنەوەى دۆخەكەى دا و مۆڵەتى 100 رۆژی بەوەزیرانى حكوومەتەكەی دا تا كارەكانیان چاك بكەن، سەرەڕاى گرتنەبەرى چەند رێوشوێنێك بۆ چاكسازى و رووبەڕووبوونەوەى گەندەڵی و دابینكردنى 280 پلەى وەزیفی و دابەشكردنى بەشێوەیەكی دادپەروەرانە.

-ئاكانیوز
Top