عێراقییە: دەنگدان لەسەر پاڵاوكى پۆستە تەناهییەكان دەبێ بەیەكجار بێ
شاكر كەتاب، گۆتیارى لیستی عێراقییە، بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، لیستەكە دەنگ لەسەر پاڵاوكى پۆستە تەناهییەكان نادات بەجیا، ئاماژەى كرد كە لیستەكەى داوا دەكات دەنگدان لەسەر پاڵاوكی هەر سێ وەزارەت (بەرگری، ناوەخۆ، ئاسایشی نیشتمانى) بەیەكجار بێ.
دوێنێ دەزگاكانى راگەیاندن بڵاویان كردەوە، نووری مالیكی بەنیازە ناوى 3 پاڵاوك بۆ پۆستی وەزارەتى ناوەخۆ پێشكێش بكات، تا لە دانیشتنى پێنجشەمى داهاتوو دەنگى لەسەر بدرێ، ئەوانیش هەریەك لە \"عەبوود قەنبەر فەرماندەى پێشووى كردەگەلی بەغدا، عەقیل تڕێحی و ئەحمەد چەلەبی سەرۆكى كۆنگرەی نیشتمانی\"".
لەم ماوانەى دواییدا هەریەك لە عەقیل تڕێحی سەرپەرشتیارى گشتیی وەزارەتى ناوەخۆ و عەدنان ئەسەدی بریكاری پێشكەوتووی هەمان وەزارەت، ناویان ئەو پۆستانە دەركەوت، بەڵام چاودێرانى سیاسی پێیان وایە نووری مالیكی متمانەى بەو دوو پاڵاوكە نییە، هەروەها لیستی عێراقییە تێبینی لەسەریان هەیە.
نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانى عێراقی پاش وەرگرتنى متمانەى حكوومەتەكەى لە ئەنجوومەنى نوێنەراتی عێراق لە 21ى كانوونى یەكەم/دێسێمبەرى 2010 تا ئێستە ئەو 3 پۆستە تەناهییە بەوەكالەت بەڕێوە دەبات."
