ڕەوتی سەدر كۆتا بەڕاپرسییە جەماوەرییەكەی لەبارەی خزمەتگوزاری لە عێراق دێنێ

ڕەوتی سەدر كۆتا بەڕاپرسییە جەماوەرییەكەی لەبارەی خزمەتگوزاری لە عێراق دێنێ
ئەمڕۆ دووشەم ڕەوتی سەدر كە موقتەدا سەدر سەرۆكایەتی دەكات، ڕای گەیاند كە كۆتای بەڕاپرسییە جەماوەرییەكەی لەبارەی جۆری خزمەتگوزارییەكان لە عێراق هێناوە، كە لەسەر داوای سەدر هاتووە ئەنجامدان، ڕوونی كردەوە بەرەنجامی ڕاپرسییەكە دوای كۆتاهاتنی كردەوەكانی جیاكردنەوەی فۆڕمەكان لە هەفتەی داهاتوودا دێتە ڕاگەیاندن.

حوسێن عەلوان ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر ڕەوتی ئەحرار بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند \"ئێوارەی دوێنێ یەكشەم ڕەوتی سەدر كۆتای بەڕاپرسییە جەماوەرییەكە لەسەر دۆخی خزمەتگوزارییەكان لە سەرتاسەری وڵات هێنا\""، زیاتر گوتی \""بەپێی خەمڵاندنە سەرەتایییەكان تا ئێستە 4 ملیۆن فۆڕم پڕ كراوەتەوە\"".

عەلوان گوتی \""هەفتەی داهاتوو دوای كۆتاهاتنی كردەوەی جیاكردنەوەی فۆڕمەكان لەلایەن لێژنەكانەوە بەرەنجامی ڕاپرسییەكە دێتە ڕاگەیاندن\"".

موقتەدا سەدر سەركردەی ڕەوتی سەدر 23ی شوبات/فێبرایەری ڕابردوو داوای كرد ڕاپرسییەكی جەماوەری گشتی لە سەرتاسەری پارێزگەكانی عێراق بەپارێزگەكانی هەرێمی كوردستانەوە بێتە ئەنجامدان كە تێیدا چەند پرسیارێك لەبارەی خزمەتگوزارییە پێشكێشكراوەكان ئاراستەی هاووڵاتییان بكرێ.

داواكەی سەدر بۆ ئەنجامدانی ئەو ڕاپرسییە بەهۆی بەرزبوونەوەی خۆپێشاندانەكان هات كە خۆپێشاندەران داوای دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان و دۆزینەوەی هەلی كار و نەهێشتنی گەندەڵییان دەكرد.

لە 5ی شوبات/فێبرایەری ڕابردووەوە ژمارەیەك پارێزگەی عێراق خۆپێشاندانی جەماوەرییان بەخۆوە بینی بۆ ناڕەزاییی دەربڕین لەسەر خراپیی خزمەتگوزاری و تەناهی لە وڵات، زیادكردنی كارەبا، گەیاندنی مادەكانی پسوولەی خۆراك بێ كەموكوڕی، دۆزینەوەی هەلی كار و هەڵوەشاندنەوە و دەست لەكاركێشانەوەی هەندێك پارێزگار و ئەنجوومەنە ناوەخۆییەكان لە پارێزگەكان."
Top